بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە نۆیەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا
خەڵکی سەربەرزی شنگال و خانەوادەی جینۆسایدکراوانی کوردانی ئێزدی
٩ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤، جارێکی تر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی تری کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕووی دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووەوە.
لە ڕۆژی ٣ى ئابی ٢٠٢٣، تیرۆریستانی ڕێکخراوی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، پەلاماری شاری شنگال و دەوروبەریان دا و لە ئاکامدا خەڵکە سڤیلەکەی ئەو دەڤەرە دووچاری کوشتنی بە کۆمەڵ و ڕفاندن و ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و جینۆساید بوونەوە.
لە مەرگەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، هەزاران هاونیشتمانیی ئێزدی بوونە قوربانی و کۆمەڵکوژ کران و بە هەزاران کەسی تریشیان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنران و تا ئێستاش چارەنووسى هەزاران قوربانییان نادیارە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ٣٦٠ هەزار لە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
کەسوکاری جینۆساید کراوان
داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و ڕێگەیەکی دژ بە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەکان گرتەبەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی و ئایینی هەزاران ساڵەی ناوچەکە و تێکدانی پەرستگاکانیان و بە زۆر گۆڕینی ئایین و باوەڕی دێرینیان و کوشتنی بە کۆمەڵ و بە کۆیلە کردنیان و دەستدرێژی هەمەچەشنە، کەدواجار ئەم جۆرە تاوان و ڕەفتارە دزێوانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا دەچێتە خانەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید.
دایکانی جگەرسووتاو و کەسوکاری ڕفێنراوانی ئێزدی...
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و کارکردن بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە هەمان کاتدا بەردەوامیش بووە لە گەڕان و بەدواداچوونی ونبوانی ئەم تاوانانە و گەڕانەوەی بەشێکیان بۆ ناو کەسوکار و خێزانەکانیان و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال. بۆئەم مەبەستەش هەماهەنگیی تەواو هەیە لە نێوان لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدیەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی تر لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی ناسراو بە (یونیتاد).
جێگای ئاماژەپێدانە کە پەرلەمانی کوردستانیش بە هەماهەنگیی وەزارەتمان، ڕۆژی ٣ی ئابی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان ناساندووە و ساڵانەش یادی قوربانیانى ئەم جینۆسایدە بەرز ڕادەگیرێت.
خانەوادەی قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی
ئەمساڵ نۆیەمین ساڵوەگەڕی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکان، هاوکاتە لەگەڵ دانپێدانانی حکومەتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، بە ناوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە پێشوازی گەرم لەم هەڵوێست و بڕیارە دەکەین و پێمان وایە ئەمە هەڵوێستی ڕوون و ڕاستگۆیانەی گەل و حکومەتی شانشینی بەریتانیایە بۆ داکۆکیکردن لە قوربانیانی ئەم جینۆسایدە و چەسپاندنی دادپەروەری و هۆکارێکیشە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە.
لەم یادە کارەساتبارەدا وێڕای ئەوەی وەک وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئامادەییی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە گشتی، لە هەمان کاتدا داواکارین حکوومەتی عێراقی فیدڕالیش لە چوارچێوەی ئەرکی دەستووریی خۆیدا، هەستێ بە دیاریکردنی چارەنووسی ونبووان و ڕزگارکردنی زیاتری ڕفێندراوان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان و دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتى یاسا بەرکارەکانى عێراقى فیدڕاڵ و هەماهەنگىی نێوان هەر دوو حکومەت بۆ درووستکردنى گۆڕستانێکى تایبەت و مۆنۆمێنتێکى شایستە بۆ قوربانییانى ئەو جینۆسایدە لە شەنگال، چونکە دوای ئەو هەموو تاوان و جینۆسایدەی کە دژ بە ئێزدییەکان و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە ئەنجام درا، بە هیممەت و ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەماهەنگیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و خۆڕاگریی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ناوچەکە، دواجار داعش بەزێنرا و سەرجەم ناوچەکانیش ئازاد کران و ئێزدییەکانیش وەک بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد مانەوە.
سڵاو لە خۆڕاگریی خەڵکی سڤیلی شنگال و دەوروبەری و خانەوادەی سەربەرزی جینۆسایدکراوان.
دروود بۆ گیانی قوربانیانی ئێزدییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دەڤەرەکە.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
٣ / ٨ /٢٠٢٣