Skip to the content

شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی بەهەشتی زەهرایان کرد

ڕۆژی شەممە ۲ی کانونی یەکەمی ۲۰۲۳، عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و شاندی یاوەری لەشاری تاران سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی بەهەشتی زەهرایان کرد.

دواتر شاندی وەزارەت سەردانی مەزاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە و شەهیدانی گومناویان کرد لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا کە لە ئەنجامی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لەساڵی ۱۹۸۸بە برینداری پاش گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان بەخشی و هەر لەوێش بەخاک سپێردراون.
هەمان ڕۆژ، شاندی وەزارەت بەسەرۆکایەتی عەبدوڵا حاجی مەحمود، سەردانی زانکۆی شاهدیان کرد و لەگەڵ سەرۆک و دەستەی کارگێری زانکۆ کۆبوونەوە.

زانکۆی شاهد یەکێکە لە زانکۆ گەورەکانی ئێران و سەر بە بونیادی شەهید و کاروباری قوربانییانە و لەلایەن هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و تەندروستی سەرپەرشتی دەکرێت و هەزاران خوێندکار لەکەسوکاری شەهیدان و قوربانیان تیایدا لە ئاستەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا دەخوێنن و چەندین سەنتەر و ناوەندی زانستی و ئەکادیمی هەیە لە بوارەکانی ڕاهێنان و پەرەپێدانی بەهرەو تواناکان و بەرهەمهێنانی پیشەسازی و داهێنانکاری لە بواری پزیشکی و دەرمانسازی و کشتوکاڵی و ئەندازیاری و...هتد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی شاهد ئامادەیی زانکۆکەی پیشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی دوولایەنە بەمەبەستی خزمەتکردن بەکەس و کاری شەهیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لەهەرێمی کوردستان.

دواتر وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەناوی شاندەکەوە سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی سەرۆک و دەستەی مامۆستایانی زانکۆی شاهدی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر گرتنەبەری ڕێکار و هەماهەنگی لەداهاتوودا بۆ کاری پێکەوەیی کرا.