بەیاننامەى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە چلەمین ساڵیادی شەهیدان و قوربانیانى جینۆسایدى بارزانییەکان
بەڕێزان، خانەوادەى قوربانیانى جینۆسایدى بارزانییەکان و کەسوکارى سەربڵندى شەهیدان...
ڕژێمى بەعسى ڕووخاو لە درێژەى پیادەکردنى سیاسەتى پاکتاوی ڕەگەزیی خۆیدا، دژ بە گەلى ستەمدیدەی کوردستان، ٤٠ ساڵ بەر لە ئێستا، دەستی کرد بە جینۆسایدی بارزانییەکان، دیارە ئەوەش دەستپێکی پیلانێکى گەورەتر بوو بۆ لە ناوبردن و پاکتاوکردنى ڕەگەزیی گەلێک، کە دەیویست لەسەر خاکەکەى خۆى بە ئازادى بژى.
جینۆسایدکردنى بارزانییەکان تاوانێکى گەورەى دژ بە بەها مرۆییەکان بوو، کە تیایدا ٨ هەزار مرۆڤى بارزانیى بێتاوان تەنیا بە هۆى کوردبوون و مێژووى تێکۆشانیان، لە پێناوی ئازادیدا جینۆساید کران.
دوابەدواى ڕێککەوتننامە بەدناوەکەى جەزائیر، لە ساڵى ١٩٧٥، ڕژێمى بەعسی لەناوچوو کەوتە داڕشتنى پیلانى لەناوبردنى گەلى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەرەتاوە مەڵبەندى تێکۆشانى سەدەیەک خەبات و زێدى شۆڕشگێڕانیان لە بارزان کردە ئامانج، لە سەرەتای ساڵى ١٩٧٧، هەزاران خانەوادەى بارزانییەکانیان بەرەو ناوەڕاست و باشوورى عێراق ڕاگوێزران، دواتر گوازرانەوە بۆ ئۆردوگە زۆرەملێکانی بەحرکە و قوشتەپە و هەریر و گۆڕەتوو دەوروبەرى هەولێر.
پیلانى نەخوازراوى ڕژێمى بەعسى ڕووخاو بەردەوام بوو بۆ جینۆسایدى بارزانییەکان، تا لە ڕۆژى ٣١ى مانگى تەممووزى ساڵى ١٩٨٣، یەکەمین قۆناغى جینۆسایدى بارزانییەکان دەستی پێ کرد و بە سێ قۆناغ لە ماوەى ١٢ ڕۆژدا، زیاتر لە ٨ هەزار مرۆڤى بێتاوانى بارزانییەکان دەستگیر کران و لە بیابانەکاندا بێسەروشوێن کران و هەزاران خانەوادە ماڵوێران کران و لە دواى ئەو تاوانە کەوتنە ژێر بارى سەختى پەروەردەکردنى خێزان و منداڵەکانیان و لەو پێناوەدا تەمەنى خۆیان لە چاوەڕوانیی چارەنووسی کەسوکارەکانیان بەسەر برد.
کەسوکارى سەربەرزى جینۆسايدكراوان
وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سۆراخ و گەڕانەوەى ڕووفاتەکانیان بۆ زێدى خۆیان، پارساڵیش لەم یادە کارەساتبارەدا، هاوکات لە گەڵ ۳۹ هەمین ساڵیادى جینۆسایدی بارزانییەکان، ١٠٠ ڕووفاتى ترى قوربانیانى جینۆسایدى بارزانییەکان کە لە بیابانەکانی پارێزگاى موسەنای باشوورى عێراق دۆزرانەوە، گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان؛ لە ڕێورەسمێکى شکۆداردا بە ڕێز و شکۆوە بەرەو دوامەنزڵگەیان لە گۆڕستانى جینۆسایدکراوانى بارزان بە خاک سپێردران.
ئەگەر چى ئەم تاوانە زامێکى قوڵى جەستەى نەتەوەکەمانە و ساڕێژبوونى ئەستەمە ، مایەى شانازییە بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتى کە ئەو شەهیدە سەربەرزانە لە یاد و بیرەوەریی بەکۆمەڵى ملیۆناندا زیندوون و سەرچاوەى ئیلهامى ژیان و بەرخودانن و ئەنجامدەرانى ئەو تاوانە گەورەیەش لە دۆزەخى بیرەوەریى مرۆڤایەتى و مێژوودان.
کەسوکارى ستەملێکراوان و قوربانیانى جینۆسایدى بارزانییەکان
ڕژێمى بەعسى ڕووخاو هەر بە جینۆسایدى بارزانییەکان کۆتایى بە پیلانەکەى نەهێنا، بەڵکوو بە ئامانجى سڕینەوەى بوونى نەتەوەیيمان، بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتى لەناوبردنى گەلەکەمان بە وێرانکردنى گوندەکان و ڕاگواستنى دانیشتووانە سڤیلەکەى لە ژێر ناوى (شاڵاوەکانى ئەنفال)، هەروەها کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لە ساڵى ١٩٨٨ و چەندین ناوچەى ترى کوردستان، کە دواجار هەموو ئەو تاوانکاریيانە بە گوێرەى یاسا و پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بە بوونى سەدان گۆڕى بەکۆمەڵ و هەزاران بەڵگە و دۆکیۆمێنتى یاسایى، بە جینۆساید ناسێندران و دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیش، وەک تاوانى جینۆساید و تاوانى دژی مرۆڤایەتى و تاوانى جەنگ ناساندوونی.
لەم یادە کارەساتبارەدا ڕایدەگەیەنین وەک وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە چوارچێوەى بەرنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، هەموو تواناکانمان دەخەینە کار، تا خزمەتى شایستە پێشکەش بە کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین و یادى قوربانییەکان بەرز ڕابگرین و کار دەکەین بۆ زیاتر بە جینۆسایدناساندنى ئەو تاوانانەى دەرحەق بە گەلەکەمان کراون، بە پێویستى دەزانین کە دەوڵەت و حکومەتى عێراقى فیدراڵ بە داوای لێبوردن و ئەرکى دەستوورى و یاسایىی خۆیان هەستن و پابەندبوونە دەستوورییەکان و بڕیارەکانى دادگا جێبەجێ بکەن، بە قەرەبووکردنەوەى سەرجەم زیانلێکەوتووانى دەستى ڕژێم لە کوردستان هەر وەک لە ماددەى (١٣٢) ی دەستوورى هەمیشەیىی عێراقدا دەقنووس کراون.
نەمری بۆ شەهیدانى جینۆسایدى بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانى ڕێگاى ڕزگاریى کورد و کوردستان
سڵاو لە خانەوادە هەمیشە سەربەرزەکانیان
وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان
٣١ /٧ /٢٠٢٣