Skip to the content

لە کۆمەڵەى نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کورد دەکرێت

ڕۆژی هەینی، ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٣،  لە پەراوێزی شانزەەمین کۆنفرانسی کۆمەڵەى نێودەوڵەتیی زانایانی پرسی جینۆساید (IAGS)، بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندی وەزارەت،چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئاڵفۆنسۆ ئارگۆنسێس، نوێنەری وەزیری داد و ڕاوێژکاری وەزارەت و ئەلیسێندا کالڤێت، ڕاگری کۆلێژی ماف و سکرتێری یەکێتیی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆساید کرد. 
دواتر لە دیدارێکی تردا لەگەڵ هێنری سێریولت، سەرۆکی پێشووتری ڕێکخراوەکە و چالاک و زانای بواری جینۆساید کۆ بوونەوە.

تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە جەختکردنەوە لە سەر هاوکارییان بۆ بە جینۆسایدناساندنی کەیسی جینۆسایدی گەلی کورد و هەماهەنگیی زانستی و یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پاڵپشتیکردن لە  بردنەپێشی کەیسی کۆمەڵکوژیی کورد لە کوردستان.

لە میانی ٥ ڕۆژی کۆنگرەکەدا، سەرۆک و ئەندامانی KG لۆبی سەنتەر، ئامادەییی بەرچاویان لە سەرجەم دیدارەکان هەبووە، بۆ ڕوونکردنەوەی مەرگەساتەکانی کوردستان و قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد لە سەر دەستی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق و لۆبیکردن بۆ پشتیوانی و پشتگیری بۆ پرسی جێنۆسایدی گەلی کورد بۆ ناساندنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ماوەی ڕابردوودا دوای ناردنی تیمی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاریی دامەزراوەی KG لۆبی سەنتەر بۆ کوردستان، توانرا پڕۆژەی بڕیارنامەیەک لەبارەی  جینۆسایدی گەلی کورد ئامادە بکات، ئێستا پێشکەش بە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی کۆمەڵەکە کراوە تاکوو بڕیارى لەسەر بدات.