Skip to the content

پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا پرسی جینۆسایدی کورد دەخاتە بەرنامەى کارە پەرلەمانییەکانی

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی۱۳ی تەممووزی ۲۰۲۳، عەبدوڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە یاوەریی شاندێکی وەزارەت، سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیای لە شاری بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا کرد و لە لایەن بەرێز ئالبا ڤێرگێس، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئانا بالسێرا، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازییان لێ کرا.

لەو دیدارەدا کە ئایدن ئۆستان، نوێنەری کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، وەزیر تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکەیان کە بۆ بەشداریکردن بوو لەشانزەمین کۆنفرانسی یەکێتیی زانایانی نێودەوڵەتیی جینۆساید IAGS لە شاری بەرشەلۆنە.

لە تەوەرێکی تری ئەو دیدارە، وەزیر باسی لە قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدکردنی کرد.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا خۆشحاڵیی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و ڕایگەیاند: "پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا پرسی جینۆسایدی کورد دەخاتە پێشینەی کارەکانی بۆ ئەوەی ئەو کارەسات و جینۆسایدانەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە، بە زیندوویی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بمێننەوە".