کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی پڕۆژەبڕیاری ناساندنی جینۆسایدی کورد بە مەبەستی پەسەندکردنی وەردەگرێت
لە پاش پەسەندکردنی توێژینەوەکانی KG لۆبی سەنتەر، بە هەماهەنگیی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە لایەن دەستەی باڵای IAGS، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ۱۲ ی تەممووزی ۲۰۲۳، لە سێیەمین ڕۆژی شانزەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی یەکێتیی زانایانی جینۆساید IAGS لە شاری بەرشلۆنەی ئیسپانیا، بە ئامادەبوونی عەبدولڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری، چەند توێژینەوەیەک لەبارەی جینۆسایدی گەلی کورد لە لایەن خاتوو ئاورینگ شاوەیس، سەرۆک و توێژەرانی سەنتەری KG لۆبی سەنتەر پێشکەش کرا و تیایدا بە شێوازێکی زانستی باس لە کۆمەڵکوژی و نەهامەتییەکانی گەلی کورد لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکوو ساڵی ۲۰۱٤ کرا، هەر لە جینۆسایدی کوردانی فەیلی و بارزانییەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە،تا ئەنفال. ئەوەش لە پێناو دروستکردنی کۆدەنگی و بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم کەیسانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە کوردستانی عێراق بە هەبوونی سەرجەم خەسڵەتەکانی تاوانی جینۆساید، پاڵپشت بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی بواری جینۆساید و مافی مرۆڤ. کۆنفرانسەکەش لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت.