یەکەى نیشتەجێبوون بۆ بنەماڵەى شەهیدان دروست دەکرێت
وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، هەماهەنگیی زیاتر بۆ خزمەتى بنەماڵەى شەهیدان دەکەن و لەم چوارچێوەیەدا یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ بنەماڵەى شەهیدان واژوو کرد.
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى ٧ى ئازارى ٢٠٢٣، عەبدولڵا حاجى مەحموود، وەزیرى شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەردانى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى کرد و لەلایەن دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێشوازى لێ کرا.
لەو سەردانەدا باس لە هەوڵەکانى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ زیاتر خزمەتکردنى کەسوکارى شەهیدان کرا، دواتر لە ڕێوڕەسمێکدا کۆنووسێکى هاوبەش لەنێوان وەزیرانى هەردوو وەزارەت بۆ دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى واژوو کرا؛ ئەو یەکانەش تایبەت دەبن بەو هاووڵاتییانەى کە تا ئێستا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون.