وەزیری کاروباری شەهیدان پێشوازیی لە کونسوڵى گشتیی هەنگاریا کرد
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى ۷ی ئایاری ۲۰۲۳، عەبدوڵڵا حاجى مەحموود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە دیوانى وەزارەت پێشوازىی لە ئاتیلا تۆس، کونسوڵى گشتىی وڵاتى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان تیشکیی خستە سەر شێوازەکانی جێبەجێکردنى خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى و بەرکەوتووانى چەکى کیمیاوى و ڕزگاربووانى جینۆساید لە هەرێمى کوردستان، هەر لە میانەى گوتەکانیدا وەزیر ڕوونی کردەوە بە درێژاییی مێژوو، گەلى کوردستان گەلێکى ئاشتیخوازى ناوچەکە بووە، ئەگەریش ناچار کرابێت بۆ هەڵگرتنى چەک، ئەوە تەنیا بۆ بەرگریکردن بووە لەپێناو پارێزگارى و پاراستنى زمان و کولتوورەکەى، ئەوەش مافێکى یاسایى و ئاساییی هەر گەل و نەتەوەیەکە بەپێى ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
کونسوڵى وڵاتى هەنگاریا خۆشحاڵىی خۆی دەربڕى بە سەردانەکەیان بۆ لاى وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و بە گرنگەوە هەوڵەکانى وەزیر و وەزارەتى بەرز نرخاند و بە پێویستى زانى کە وەزارەت لەم ڕووەوە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەى کە ئەو کارەسات و جینۆسایدانەى بەسەر گەلى کورددا هاتووە فەرامۆش نەکرێن و هەموو ڕێگا و ڕێکارەکان بگرێتە بەر بۆ ئەوەى لە بیر و هزرى نەوەى ئێستا و داهاتوودا بمێنێتەوە و کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.
هەروەها کونسوڵى هەنگاریا ڕایگەیاند "بە خۆشحاڵییەوە وڵاتەکەمان بەشدارە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژى داعش و بەردەوامیش دەبین لە پاراستنى خاک و خەڵکى کوردستان لە تیرۆر و تیرۆریستان". لە کۆتاییدا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان هەنگاوەکانى وڵاتى بولگاریاى وەک ئەندامێکى ڕێکخراوى یەکێتیی ئەورووپا بە گرنگ زانى بۆ بەرگری و داکۆکیکردن لە بەهاکانى دیموکراسى.