Skip to the content

لە تاران عەبدوڵا حاجی مەحمود لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری فەرهەنگی و هونەری ئێران کۆبووەوە

رۆژی چوارشەممە ۲۹ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۳، عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و شاندی یاوەری، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری فەرهەنگی و هونەری سەر بە دامەزراوەی بونیادی شەهید و کاروباری تێکۆشەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە.

لە کۆبونەوەکەدا، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیەکە تیشکی خستە سەر کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی وهونەری وچۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی بواری روناکبیری و بڵاوکردنەوەی بیری شۆڕشگێڕی لە ڕێگای کۆکردنەوە ونوسین و رێکخستنی بیرەوەری شەهیدان و قوربانیان و پێشکەشکردنی بە کۆمەڵگا لە ڕێگای بەرهەمهێنانی فیلم و شانۆ کتێب و گۆڤار و داستان، بە ئامانجی زیندوو هێشتنەوەی یاد و بیرەوەری شەهیدان و قوربانیان لە بیر و هزری نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.

لەلایەن خۆیەوە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان تیشکی خستە سەر خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و  پڕۆژەکانی بواری وەبەرهێنان لە بەرژەوەندی وەزارەت و کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و هیوای خواست هەماهەنگی هەبێت لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم خزمەتگوزارییانە بەجۆرێک کە لە ئاست خواستی کەسوکاری شەهیدان دا بێت.

پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ شاندەکە سەردانی مۆزەخانەی ئاشتیی تارانیان کرد و لەلایەن بەرێوەبەر و ستافی خۆبەخشی مۆزەخانەکەوە پێشوازی کران.
 
لە کۆبوونەوەیەکدا بەرێوەبەر و ستافی مۆزەخانەکە هیوایان خواست کە بتوانن کاری هونەری هاوبەش ئەنجام بدەن.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان باسی لە مۆنۆمێنتەکانی سەر بەوەزارەت کرد و ئاماژەی بە کارو چالاکی و شێوازی کارکردن و هەوڵەکانی وەزارەت کرد بۆ پێشخستنیان و فراوانکردنیان.