شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی دامەزراوەی بونیادی شەهیدی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات
ڕۆژی دوو شەممە ۲۷ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۳، عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەیاوەری شاندی وەزارەت لەگەڵ، سید امیر قازی زادە هاشمی، جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکی دامەزراوەی بونیاد شەهید و مەحمود پاکدل و محمد صادق هاشمی، جێگرانی سەرۆکی دەزگای بونیاد شەهید و کاروباری قوربانیان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی هەردوولا لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان و جەخت لەسەر هەماهەنگی دولایەنەکرایەوە.
هەر هەمان رۆژ شاندەکە لەگەڵ جێگرانی سەرۆک و بەرێوەبەرانی گشتی دامەزراوەی بونیادی شەهید و کاروباری تێکۆشەران بە سەرۆکایەتی مەحمود پاکدل کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی دامەزراوەی بونیادی شەهید بە وردی باسیان لە ئەزموونی کارکردن بە یاسا و ڕێسا بەرکارەکانی تایبەت بە پێشکەشکردنی ماف و خرمەتگوزارییەکان لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و نیشتەجێبوون و ڕۆشنبیری و وەبەرهێنان کرد بەمەبەستی خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان.
دواتر شاندەکە لەگەڵ دامەزراوەی (اندوختە شاهد) کوبوونەوە کە فەرمانگەیەکی سەر بەبونیادی شەهیدی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و کاردەکات لە بواری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە ڕێگەی چەندین گەورە کۆمپانیاکانی گروپی شاهد بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی داهات بۆ باشتر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان.
لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانەوە روونکردنەوەی پێویست پێشکەشکرا لەبارەی کاروبارەکانیان و شێوازەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە جیاجیاکان بۆ خانەوادەی شەهیدان و قوربانیان.