Skip to the content

ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە

سەبارەت بە تەرخانكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ زیندانیكراو و گیراوانی سیاسیی، بە پێی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی (٢٠١١)ی هەمواركراو و پەیڕەوی ژمارە ٨ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئەنجومەنی وەزیران و ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢١ وەزارەت.

ئاماژە بە مادەی شەشەم، بڕگەی یەكەمی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیكراو و گیراوی سیاسی كوردستان، كە تیایدا هاتووە ( پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوونیان بەبێ بەرامبەر پێدەدرێت، بە مەرجێك پێشتر وەك زیندانیكراوی سیاسی سودمەند نەبوبێت ).

هەروەها لە پەیڕەوی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا هاتووە لە مادەی یەكەم، بڕگەی یەكەم، پێناسەی زیندانیكراوی سیاسی بەم شێوەیە دەكات (ئەو كەسەیە كە گیرابێت، یان زیندانی كرابێت،بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینی بۆ ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكان لە عێراق تا ٩ی نیسانی ٢٠٢٣، لەسەر ڕادەربڕین و بیروباوەڕ یان ئینتیمای نیشتمانی یان سیاسی، یان یارمەتیدانیان یاخود بەشداریكردنی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بڕیاری حكومكردنی لە لایەن یەكێك لە دادگاكان یاخود دەسەڵاتەكانی سەر بە ڕژێمە ناوبراوەكان درابێت .

هەروەها لە بڕگەی دووەمی هەمان مادەدا هاتوە كە (هەركەسێك گیرابێت، یان گلدرابێتەوە  یان ڕاگیرابێت، بەبێ ئەوەی بڕیاری حوكمی لەبارەوە لەلایەن دادگای تایبەتمەندەوە دەرچوبێت، بەپێی هەمان هۆیەكانی كە لە خاڵی (یەكەم)ی ئەم مادەیەدا هاتوە). 

هەروەها بە پێی مادەی سێیەم، بڕگەی چوارەم، ئەوانەی كە لە بەندیخانە و زيندانەكاندا لە دایكبوون، بەپێی ماوەی گیرانی دایکیان ماوەی گرتنەکەیان بۆ هەژمار دەکرێت. بە هەمان شێوە بە گیراوی سیاسی هەژماردەكرێن و سوودمەند دەبن لەسەرجەم ئیمتیازاتەكانی ئاماژە پێكرا و لە یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەكانی هەمان یاسا، لە نێویشیاندا سودمەندبوونیان لە پارچەیەك زەوی نیشتەجێ بوون .

بۆیە پاڵپشت بەو ڕوونكردنەوە یاساییەی سەرەوە، لە خانەوادەیەكدا چەندین كەس یاساكە بیگرێتەوە دەتوانێت سوودمەندبێت لەو ئیمتیازە بەبێ ڕەچاوكردنی ژمارەی ئەندامە سودمەندبووەكانی هەمان بنەماڵە.



عادل مەلا ساڵح
وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان