Skip to the content

ئەنجومەنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆ بووەوە

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ۲ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۳، بە سەرپەرشتیی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بە ئامادەبوونی  بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرجەم بەرێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، کۆبوونەوەی ئاساییی وەزارەت لە دیوانی وەزارەت کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرنامەی کاری کۆبوونەوە خوێنرایەوە کە تیایدا ئاماژە درابوو بە کارەکانی لیژنەکانی چاکسازی و بەدواداچوون بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی شەهیدان و  و بەردەوامبوونی پڕۆسەی بەجینۆسایدناساندنی کەیسەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستان و بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو نوسراوانەی ئاراستەی وەزارەت کراون.

هەروەها تیشک خرایە سەر دروستکردنی پێناسە بۆ سەرجەم شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و  تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و هەڵسەنگاندن کرا بۆ پەیکەری کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.

تەوەرەیەکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چالاککردنی لیژنەکان و بە زوویی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان و ئاماژە درا بە چارەسەرکردنی لایەنی پسپۆڕیی کارگێڕی و گرنگیدانی زیاتر بە دڵنیایی جۆری.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی پێویست کرا و ڕێکار گیرایە بەر بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان و بەردەوامبوون لە ئەرک و کارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەمەش بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی.