Skip to the content

لە بەغدا نوێنەری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری کۆبونەوەی ICMP دەکات .

بە ئامانجی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ سۆراخ و دۆزینەوەی ونبووانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی کەسانیی بێسەروشوێن (international cmmission on missing persons)، عادل مەلاساڵح سکرتێری بۆردی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان، بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشداریی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەو ڕێکخراوەی لە شاری بەغدا کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕاوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی پەرلەمانی عێراق و دەزگای شەهیدانی عێراق ئامادەی بوون، جەخت کرایەوە لە هەماهەنگی و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پێشوو کە لە شاری لاهای هۆڵەندا بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەت گرێ درا ، بە تایبەتی هەوڵدان بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و دانانی پلانی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ پرسی ونبووان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور  ICRC و  UNITAD  و نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و داد و و تەندروستیی عێراقی فیدراڵ و دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و چەندین لایەنی پەیوەندیداری تر بەشداربوون.

عادل مەلاساڵح وەک نوێنەری وەزارەت ڕایگەیاند: "گەلی کورد لە کوردستانی عێراق لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق چەندینجار ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و هەڵمەتی ناڕەوا بووەتەوە و لە ئاکامی ئەو هەڵمەت و شاڵاوانەدا دەیان هەزار کەسی سڤیلمان جینۆساید کراوە و هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا سەدان و هەزاران هاووڵاتیشمان بێسەروشوێنن، بۆیە پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندیی ئەو پرسە لە هەرێمی کوردستان بکرێت."