وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشداریی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری میللیی چینی کرد
ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی لیو جوون، کونسوڵی گشتیی کۆماری میللیی چین، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ۷٤ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەو وڵاتە لەشاری هەولێر کرد.
لە مەراسیمەکەدا کە سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیرەکان و پەرلەمانتارانی کوردستان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و کونسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، وێڕای وتاری لیو جوون، وتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خوێندرایەوە.
دواتر وەزیر بە ناوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیامی پیرۆزبایی پێشکەش بە کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی گشتی و گەلی کۆماری میللیی چین خواست.