وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشوازی لە شاندێکی دامەزراوەی ڕوئا دەکات
ڕۆژی دووشەممە ۹ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۳، عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ئامادەبوونی نەوشیروان شەریف، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت پێشوازی لە سەید عەلی تاڵەقانی، کەسایەتی ئایینی عێراقی و شاندێکی دامەزراوەی ڕووناکبیریی ڕوئا بە سەرپەرشتی سەعد هەمەوەندی سەرۆکی دامەزراوەکە کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان و گیانبەخشینی شەهیدان لەپێناو ئازادی و مافەکانی مرۆڤ کرا.
سەید عەلی تاڵەقانی سەرەڕای دەربڕینی ڕێزو شکۆ بۆ شەهیدانی کوردستان کە لەژێر ئاڵای کوردستاندا گیانیان بۆ ئازادی و ڕزگاری بەخشیوە و ئاماژەی بە گرنگی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کرد بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید و بەرز ڕاگرتنی یادو بیرەوەریی شەهیدان.