Skip to the content

بۆردی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان و دادگاکانی کوردستان هەماهەنگی دەکەن

بۆردی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە سەرپەرشتیی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و سەرۆکی بۆرد کۆ بووەوە.

لە سەرەتادا وێڕای خوێندنەوەی کارنامەی کۆبوونەوەکە بۆ ئەندامانی بۆرد، تیشک خرایە سەر بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشوو و جەخت لەسەر جێبەجێکردنیان کرایەوە. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوو تەوەری گرنگ و پەیوەندیدار بە ئیشوکارەکانی بۆرد کرا:

لە تەوەری یەکەمدا باس لە هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان بۆرد و کۆمیتەی نێونەتەوەییی خاچی سوور کرا.
لە تەوەری دووەمیشدا لە پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیار درا ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ هەماهەنگیکردنی بۆرد لە گەڵ دادگاکانی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان بۆ پرسی منداڵە ونبووەکان.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەشدا پلانی کاری ئاییندەی بۆرد گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە درا.