یادی قوربانیانی جینۆسایدی گوندی سۆریا کرایەوە
ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ۱٦ ی ئەیلوولی ۲۰۲۳، لە شارۆچکەی عەنکاوەی شاری هەولێر، لە لایەن دەزگای سۆرایا بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و یانەی کۆمەڵایەتیی لاوانی عەنکاوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە بەشداریی پەتریاک کاردینال مارلویس روفائیل ساکۆ و شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە سەرۆکایەتیی بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەت و لایەنە سیاسی و حکومی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، یادی ٥٤ ساڵەی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا کرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا پێشانگایەکی تایبەت بە ڕووداوی کۆمەڵکوژییەکە کرایەوە و دواتر وتارێک لە لایەن پاتریاک مارلویس ساکۆ پێشکەش کرا و دواتریش وتاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە لایەن بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەت خوێندرایەوە و ئاماژەی بەو کارەساتە کرد کە لە ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی سۆریا ڕوویدا کە تیایدا ٣٩ هاووڵاتیی کریستیان و موسڵمانی گوندەکە کۆمەڵکوژ کران. لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە کۆمەڵکوژیی ئەشکەوتی دەکا و گوندی سۆريا لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول دەرحەق بە گەلی کوردستان ئەنجام درا و دواتر ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق چەندین تاوانی تری کۆمەڵکوژی و جینۆساید و ئەنفالیان بەرانبەر بە گەلەکەمان ئەنجام دا و دەستیان لە کاولکاری و کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و چەندان جۆری جیاوازی زوڵم لە گەلی کوردستان نەپاراست.
هەروەها باسی لە پێکەوەژیان و تەباییی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان کرد بە درێژاییی مێژوو و لە نێو پێکهاتە جیاجیاکانی گەلی کوردستان و ئامادەییی وەزارەتی دەربڕی بۆ هاوکاریی خەڵکی گوندی سۆریا بە پێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان؛ لە بەشێکی تری ئەو ڕێوڕەسمەدا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لە سەر ئەم کۆمەڵکوژییە پێشکەش کرا.