بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە بۆنەی 50هەمین ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ
لە ٥٠هەمین ساڵیادی شەهیدانی بۆردومان و ڕاپەڕینی قەڵادزێدا، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، ئەمە دەقەکەیەتی:
کەسوکاری شەهیدان و تێکۆشەرانی دەڤەری پشدەر:
لەڕۆژی ۲٤ ی نیسانی ساڵی ۱۹۷٤، و ٥۰ ساڵ پێش ئەمڕۆ و له درێژەی زنجیرە سیاسەتەکانی ڕژێمى بهعسى ڕووخاو دژ به گهلهكهمان و بههۆى ترسى دوژمن له ئاوێتهبوونى تێکۆشانی چهك و قهڵهمى بهرگرى و كۆبوونهوهیان له یهك سهنگهرى خەبات و تێکۆشان، شاری قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە بۆردومان کرا و لە ئەنجامدا ١٢٣ هاووڵاتی سڤیل و فەرمانبەر و خوێندکار و مامۆستاى زانکۆی سلێمانی (زانکۆی دایک) کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو، شەھیدبوون و زیاتر لە ٤٠٠ هاووڵاتی دیکەش برینداربوون و بەشێکی شارەکە بەتەواوی وێران کرا و ژمارەیەک لە دانیشتووانەکەشی ئاوارە بوون.
دوای ئەوساڵە و وهك نەریت و بیرەوەرییەکی کارەساتبار، ساڵانه یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە دهكرایهوه.
لەپاش ههشت ساڵ و لە بیرەوەری و یادکردنەوەی ئەو مەرگەساتەدا و لە ڕۆژى ٢٤ــى نيسانى ۱۹۸۲، بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و قوربانیيانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ ،خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ئەو شارە خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان بۆ پرۆتستۆکردنی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس ئەنجام دا، کە بە داخەوە لەلایەن دارودەستە و هێزە چەکدارەکانی ڕژێمەوە، بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەران درایەوە و چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندار کران و چەندان کەسیشیان ڕاپێچی زیندانە تاریکەکانی ڕژێم کران، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و قوربانیيانی بۆردومان و ڕاپەڕینی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، لە ڕێکەوتی ٤ / ۳ / ۲٠۱۳ بە بڕیاری (۲۲٦۲) ڕۆژی ۲٤ / ٤ی وەک ڕۆژی (شەهیدی زانکۆ) دیاری کرد، و داوای لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگهکان کرد کە ساڵانه لهو ڕوژهدا به چالاکيی ڕۆشنبیری و زانستی، یادی شەهیدان و قوربانیيانی زانست و قهڵهم لە کوردستان بهرز ڕابگرن.
جەماوەری تێکۆشەر و کەسوکاری هەمیشە سەربەرزی شەھیدانی مەرگەساتی قەڵادزێ:
ئێمە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە کاتێکدا لە خەمی خزمەتکردنی باشتری کەسوکاری شەهیدانين و هەموو هەوڵەکانیشمان بۆ ئەم مەبەستە خستووهته گەڕ، لە هەمان کاتدا بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم جۆرە تاوانانەی کە دژ بە گەلەکەمان ئەنجام دراون، تا ئەو کاتەی کە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی مادەی ۱۳۲ــی دەستووری هەمیشەیيی عێراقی فیدراڵدا، قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دەکاتەوە و کار بۆ گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان دەکات، وەک ئەوەی لە دەستووری هەمیشەیيی عێراقدا دەقنووس کراوە.
دروود بۆ ڕۆحی شەھیدانی ئەو جینۆسایدە و سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی کوردایەتی.
سڵاو لە خۆڕاگریی و تێکۆشانی خانەوادە هەمیشە سەربەرزەکانیان.
وەزارەتی کارووباری شەھیدان و ئەنفالکراوان
۲٤ی نیسانی ۲۰۲٤