Skip to the content

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشداری ساڵیادی شەهیدانی ۱ی شوبات دەکات

رۆژی پێنجشەممە ۱ی شوباتی ۲۰۲٤، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرپرسانی حکومی و حیزبی لە پارکی سامی عبدالرحمان لە شاری هەولێر، ساڵیادی شەهیدانی ۱ی شوبات کرایەوە.

لە ساڵیادەکەدا تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفای سەرۆکی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارێزگای هەولێر و نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات دانران .

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە یاوەری کەس وکاری سەربەرزی شەهیدانی کارەساتەکە تاجە گوڵینەیان لە سەر مۆنیۆمێنتی شەهیدان لە پارکی سامی عبدالرحمان دانا.

لە ۱ی شوباتی ساڵی ۲۰۰٤، لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قورباندا تیرۆریستانی دژ بە ئاشتی و ئاوەدانی لە دوو کردەوەی تیرۆریستیدا لە هەر دوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی ۳ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، زیاتر لە ۱۰۰ سەرکردە و پێشمەرگە و هاونیشتمانییان شەهید کرد، تیروریستان بەم کارە دڕندانەیان هێندەی تر ڕووی ڕەشی تاریکپەرستییان بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکراتر کرد.