بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە (۳٦)ـەمین ساڵوەگەڕی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا
خانەوادەی هەمیشە سەربڵندی شەھیدانی کیمیابارانى هەڵەبجە و دەوروبەری، ۳٦ ساڵ بهرى ئێستا و لە ڕۆژی ١٦ی ئادارى ١٩٨٨دا، ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە چوارچێوەى سیاسەتى لەناوبردن و کۆمەڵکوژی و هەڵمەتەکانى لەناوبردنی گەلى کوردستان، تاوانێکی تری خستە سەر زنجیرە تاوانەکانى دژ بە دانیشتووانى شارى هەڵەبجە و دەڤەرى شارەزوور و هەورامان، زوڵم و ستەمى دەسەڵاتی بەعس لەم ڕۆژەدا گەیشتە لوتکە دژ بە ھەموو بەھا مرۆییەکان و خەڵکی سیڤیلى ئەم دەڤەرە و لە چەند خولەکێکدا بە چەندین جۆر چەکى کیمیاويی قەدەغەکراوی جیهانى، ئەم شارە و خەڵکەکەى ئاوێزانی مەرگ کرد، و ھەزاران کەسیشی بریندار و ئاوارە کرد کە ھەتا ئەمڕۆش بەشێکی زۆریان بەھۆی کاریگەریی بەرکەوتەییەکەیان ژیانێکی سەخت و پڕ ئازار بەڕێ دەکەن.
لەم یادەدا داواکارین لە نزیکترین دەرفەتدا سەرجەم ڕێکارە یاسایى و کارگێرى و داراییەکانى بە پارێزگاناساندنی ئەم شارە جینۆسایدکراوە تەواو بکرێت، بۆ ئەوەى ئەم بڕیارە ببێتە مایەى بووژانەوە و گەشەپێدانى ژێرخانی ئابووری شارهكه و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ دانیشتووانە تێکۆشەر و قوربانیدەرەکەى.
جەماوەری کوردستان
خانەوادەی شەھیدان و قوربانیيانی چەکی کیمیاوی
ئێمە لەم یادەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە ئەم تاوانە لەسەر ئاستی جیھانی بە جینۆساید بناسینێ و لە ھەمان کاتدا داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵیش دەکەین کە ھەرچی زووە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە و پابەند بێ بە ناوەڕۆکی ماددەی (١٣٢)ی دەستوری عێراق بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانى جینۆساید و ھەموو زیانلێکەوتووانی سەرجەم ناوچە کارەساتبارەکانی کوردستان.
بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگراتنی یادی شەھیدەکانمان لە مەرگەساتەکاندا و بە تایبەتیش یادی شەھیدانی کیمیاباران، ساڵانە وەزارەتى كاروبارى شههيدان و ئهنفالكراوان، یادى شەهیدانى ئەو کارەساتانە دەکاتەوە و ھەمیشە یادی پڕ شکۆی ئەو شەھیدانە و سەرجەم شەھیدانی کوردستان لە بیر و ھزری ھەموواندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئێمەش لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی و خزمەتگوزاريی کابینەی نۆیەم، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەم کەیسە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و فەراھەمکردنی خزمەتگوزارییەکان و ژیانێکی شکۆمەندانەی شایستە بە دانیشتووانى هەڵەبجە و کەسوکارى شەهیدان.
سڵاو لە خۆڕاگریی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانی جینۆساید لە کوردستان.
دروود بۆ ڕۆحى شەھیدانی جینۆسایدکراو و کیمیابارانکراوی ھەڵەبجە، شکۆمەندى بۆ کەسوکارەکانیان.
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان
۱٦ی ئاداری ۲۰۲٤