Skip to the content

پرسی جینۆسایدی کورد و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان لە ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پرنسیپەکانی نۆرمبێرگ گەنگەشە دەکرێت

شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری نۆرمبێرگی ئەڵمانیا، سەردانی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پرنسیپەکانی نۆرمبێرگی کرد، و لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر کریستۆف زافرلینگ، سەرۆکی ئەکادیمیا، و دکتۆر ئەلیکساندەر فێرناندیز بەرپرسی پرۆژەکانی ئەکادیمای نۆرمبێرگ لە باڵەخانەی ڕۆژهەڵاتی داد لە نۆرمبێرگ کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر فێرناندیز کورتەیەکی لەبارەی بنەماکانی کارکردنی ئەکادیمیا و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان پێشکەش کرد و سەرنج و بیروڕا لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کرا.
دواتر لەگەڵ دکتۆر زافرلینگ سەرۆکی ئەکادیمیا، باس لە تاوانەکانی جینۆسایدی کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کرا و تیشک خرایە سەر تاوانەکانی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان و جینۆسایدی بارزانییەکان و شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکوو تاوانی جینۆساید ناسێنراون.
هەروەها باس لە بەشێکی تر لەو تاوانانە کرا کە بەهۆی پەککەوتنی کارەکانی دادگەکەوە هێشتا کاریان لەسەر نەکراوە.
شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان هاوڕێ لەگەڵ ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر، باسیان لە گرنگیی ناساندن و بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو تاوانانە کرد وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان، کە بەشێکە لە قۆناغەکانی دادپەروەریی ڕاگوزەر، چونکە تاکوو ئێستا قوربانییەکان لە دۆخێکی قورسی دەروونیدا دەژین، و هێشتا مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە هەیە وەک لە تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرانبەر کوردانی ئێزدی لەساڵی ٢٠١٤ بینیمان.
سەرۆکی ئەکادیمیای نۆرمبێرگ بەگرنگییەوە سەردانەکەی هەڵسەنگاند و جەختی لە ڕۆڵی ئەکادیمیاکە و دامودەزگە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و بەدەستهێنانی مافی قەرەبووی قوربانییەکان لە ڕێگەی ناساندن و دانپێدانان و بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو تاوانانەی کە بەرانبەر کورد ئەنجام دراون.
داواشکرا لە دیدار و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی ساڵانی داهاتووی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پرنسیپەکانی نۆرمبێرگ، بەشێک تەرخان بکرێت بۆ باسکردن لە ڕەهەندەکانی جینۆسایدی کورد، و سەرۆکی ئەکادیمیا بەڵێنی دا لە داهاتوودا کار بۆ ئەو مەبەستە بکەن.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەقی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژی کورد بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و ژمارەیەک پەڕتووک و بڵاوکراوەی تایبەت بە تاوانەکانی جینۆسایدی کوردیان پێشکەش بە کتێبخانەی ئەکادیمیا کرد، و هۆڵی مێژووییی دادگای نۆرمبێرگ و مۆزەخانەی دادگاکەیان بەسەر کردەوە.
هەروەها شاندەکە سەردانی زیندانیی سەربازگەی داخاوی کرد، لە شارۆچکەی داخاوی نزیک میونشن و هۆڵ و پێکهاتەکانی مۆنیۆمێنتەکەیان بەسەر کردەوە کە ساڵی ١٩٣٣ دروستکراوە، و سەدان هەزار کەسی تێدا زیندانی کراوە و هەزاران کەس لەوێ لەناو چوون.
بەشێک لە بەرنامەی سەردانەکە تایبەت بوو بە شێوازی باشترکردنی مۆنیۆمێنتەکانی جینۆساید و شەهیدان لە کوردستان، و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ مۆنیۆمێنتە گەورەکانی جیهان.
شاندەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکهاتبوو لە نەوشیروان شەریف، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی سلێمانی، و زێرەڤان مەجید، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی، و زاهیدا قادر، بەڕێوەبەری بانکی زانیاری، هاوڕێ لەگەڵ ئاورینگ شاوەیس، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردیش جینۆساید لۆبی سەنتەر.
ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پرنسیپەکانی نۆرمبێرگ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەتە بە کارکردن لەسەر یاساکانی تاوانکاریی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ. ساڵانە لە مانگی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)، کۆڕبەندێکی تایبەت بە جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتی بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای نێودەوڵەتی سازدەکات.
شایانی باسە پێگەی تایبەتی ئەکادیمیاکە ئاماژەی بە سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەکادیمیا و پرسی ناساندنی جینۆسایدی کورد و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان کردووە.