Skip to the content

یادی ٣٦ ساڵەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی شەممە 16ــى ئادارى 2024، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە چاودێری پارێزگاری هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بە دروشمی (مەرگەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، داوای یەکڕیزیمان لێ دەکات)، یادی ٣٦ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەی بەرز ڕاگرت.

سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕۆحی شەهیدانی هەڵەبجە و ده‌وروبه‌ری و خوێندنی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێ کرد. پاشان لەلایەن پێنج تاقانەی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، پێنج مۆم بۆ ڕۆحی پێنج هەزار شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجە داگیرسێندرا.

کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتيی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بە ناوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانه‌وه‌، گوتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد، دوای بەخێرهێنانى میوانانی مەراسیم، ڕایگەیاند: کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان لە ساڵیادی کەسوکاریاندا لەجێی داواکاريی شەخسی، داوای یەکڕیزی و تەبایيی گەلەکەمان دەکەن، چونکە تەنها بە یەکڕیزی، ڕۆحی شەهیدان ئاسودە و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان پارێزراو دەبن.

دواتر لەلایەن ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجەوە گوتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا و تیایدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ خزمەتکردن بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، هیوای خواست حکومەتی هەرێم زیاتر ئاوڕ لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەڵەبجە بداتەوە، ئەوەشی ڕاگەیاند کە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان، ئەرکی حکومەتی عێراقی فیدراڵە و پێویستە وەک ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی عێراق، قەرەبووی ئه‌و شاره‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ى بکرێتەوە.

پاشان گوتاری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان لەلایەن هۆشمەند موراد خوێندرایەوە و تیایدا داواکاری و پەیامی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان خرایە ڕوو.

پاش پێشکەشکردنی چالاکیيەکی هونه‌رى و سرودێکی نیشتمانى، خاتوو زەمزەم عەبدولکەریم، چیرۆکی ژیانی خۆی و چۆنیيەتی شەهیدبوونی کەسوکارەکەی گێڕایەوە و ئامادەبووانى ياده‌كه‌ش تێکەڵی ئەو ئازارەی زەمزەم خان و دەیان خانەوادەی دیکە بوون.

لە کاتژمێر ١١:٣٥ خولەک، هەمووان پێکەوە دەست لەسەر سنگ لە ساتی کەوتنی یەکەم بۆمب بەسەر شاری هەڵەبجەدا، بۆ پێنج خولەک لەگەڵ سرودی نیشتمانی (ئەی ڕەقیب) بەبێ دەنگی وەستان.

پاش نیوەڕۆش چەند چالاکیيەکی گرنگ لە زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوە چوو، لەگرنگترینیان پێشکەشکردنی پانێڵێک بوو بە ناوی (جینۆسایدی هەڵەبجە لە نێوان ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوە)دا.

کردنەوەی پێشانگه‌یەکی وێنەیی و پێشکەشکردنی فیلمێکی دۆکيومێنتاری لەسەر گێڕانەوەی کەسوکاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە. هه‌روه‌ها کاتژمێر پێنجی ئێوارە کۆتایی بە یەکەم ڕۆژی مەراسیمی یادی ٣٦ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە هات .