یادی شەهیدانی ڕاپەڕینی 1987 بەرز ڕاگیرا
ڕۆژی دووشەممە ۱۳ـی ئایاری ۲۰۲٤، بە چاودێریی پارێزگای هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە، بە دروشمی "ڕاپەڕینی ٥/١٣ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ڕاگواستن و وێرانکاری بوو"، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبیی سنووری پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور و کەسوکاری شەهیدانی ڕاپەڕینی ١٩٨٧/٥/١٣ و بەشێک لە هاووڵاتییانی هەڵەبجە، یادی ٣٧ ساڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور بەرز ڕاگیرا.
دوای ساتێک وەستان بۆ ڕۆحی شەهیدان، کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە، بەخێرهاتنی تەواوی میوانانی مەراسیمەکەی کرد و هاوکات پارێزگاری هەڵەبجە گوتەیەکی کورتی لەسەر ڕاپەڕینەکە و تەواوی ئەو تاوانانە پێشکەشکرد کە بەرانبەر هەڵەبجە و دەڤەرەکە کراون.
دواتر محمود سۆفی شەریف وەک شایەتحاڵ و یەکێک لە بەشداربوونی ڕاپەڕینەکە، بەوردی باسی لە چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕاپەڕینەکە و ڕۆڵی لایەنەکانی ئەوکاتە و هاووڵاتییانی هەڵەبجە کرد لەو ڕاپەڕینەدا، هاوکات دڕندەییی ڕژێمی بەعس، بەرانبەر خۆپیشاندەران و خەڵکی هەڵەبجە و چۆنییەتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکە لەلایەن رژێمی بەعسەوە خستە ڕوو.
پاشان چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی تاوانەکانی دەستی ڕژێم و هەوڵەکان بۆ هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لەگەڵ شەهیدانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ.
پاشان لەلایەن جەلال عوسمان خاوەر، وەک بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینەکە، گوتەیەک پێشکەشکرا و داوای کرد حکومەتی عێراق وەک میراتگرێکی حکومەتی پێشوو، قەرەبووی قوربانییانی ڕاپەڕینی ١٩٨٧ و تەواوی قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس بکاتەوە.
بە کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەیی کە لە ئەرشیفی مامۆستا (ئارام شەمێرانی) وەرگیرابوو، چەند وێنەیەکی گەڕەکی کانی عاشقانی لەخۆ گرتبوو، کە ڕژێمی بەعس لە ١٩٨٧/٥/١٣ بەهۆی ئەوەی ڕاپەڕینەکە لەوێوە سەری هەڵدابوو، بە ماددەی تی ئێن تی و شۆفڵ و گرێدەر لەگەڵ زەویدا تەختی کرد، کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.