Skip to the content

یادی شەهیدانی بۆردومانی پردی گەڵاڵە کرایەوە

ڕۆژی شەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی نوێنەری سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزی پشتیوانیی یەک و کەریم کاوە کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، یادی شەهیدانی بۆردومانی پردی گەڵاڵە بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر لەلایەن کەریم کاوە کەریم، پەیامی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران پێشکەش کرا و لە بەشێکی گوتارەکەیدا، باسی لە گەورەییی تاوانەکە کرد، کە ڕژێمی پێشووی عێراق چەکی قەدەغەکراوی دژی هاووڵاتییان و خەڵکی سڤیل بەکارهێناوە و کۆمەڵکوژی کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامی چۆمان بەرنامەی دروستکردنی مۆنیۆمێنتێکی شایستە پلانی بۆ داندراوە. هەروەها گوتی: ئێمە وەك وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە خەمی خزمەتکردنی باشتری کەسوکاری شەهیدانین و هەموو هەوڵەکانیشمان بۆ ئەم مەبەستە خستوونەتە گەڕ. لە هەمان کاتدا بەردەوام دەبین بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی عێراق، تا ئەو کاتەی لە چوارچێوەی مادەی ۱۳۲ـی دەستووری هەمیشەییی فیدراڵدا، قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دەکاتەوە و کار بکات بۆ گەشەپێدان و بووژاندنەوەی ناوچە کارەساتبارەکان و وێرانکراوەکان، وەک ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە.