شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی گرتووخانە و مۆنیومێنتی داخاو له وڵاتى ئهڵمانيا دەکات
ڕۆژی دووشهممه ٣ی شوباتی ٢٠٢٥، بە مەبەستی دروستکردنی پێوەندی و وەرگرتنی شارەزایی لە بواری ئەرشیفکردن و دۆکیومێنتکردن و دامەزراندنی مۆنیومێنت، شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی كوردستان، سەردانی گرتووخانە و مۆنیومێنتی (داخاو)ی لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد.
گرتووخانەی داخاو وەکوو یەکێک لە ڕهمزهكانى خۆڕاگری و دڵڕەقی، دەکرێت نموونەکانی لە هەرێمی کوردستان لە مۆنیومێنت و یادگارییەکانی قوربانیيانی سەردەمی ڕژێمى پێشووى بەعس سوودی لێ وەربگیرێت و بە هەمان شێوەی گرتووخانە و مۆنیومێنتی داخاو ببنە شوێنێک بۆ پەروەردەی نەوەی نوێ و بەربەستێک بۆ دووبارەنەبوونەوەی دڕندەیی و تاوانەکانی لەو جۆرەی کە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامیان داوە.
شايانى باسه گرتووخانەی داخاو کە ساڵی ١٩٦٥ کراوەتە مۆنیومێنت و مۆزەخانە، نازییەکان لە ساڵی ١٩٣٣ دەستیان کردووە بە دروستکردنی و تا ساڵی ١٩٤٥ دەیان هەزار نەیاری ڕژێمی نازی لە بیروڕا جیاوازە سیاسی، ئایینی و نەتەوەییەکانیان تیایدا بەند کردووە و کوشتووە.