بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار پڕۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە کرایەوە
گرفتی کەمئاویی سەدان هەزار هاووڵاتی چارەسەر کرا
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 10ی کانوونی یەکەم (دیسەمبەر) ی 2020 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، و د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک وکلێمنس سەمنتەر کونسوڵی گشتیی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا، وئۆلیڤەر دیکۆتیگنەس کونسوڵی گشتیی کۆماری فەرەنسا، بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی، پرۆژەی ئاوی فایدە لە پارێزگەی دهۆک کرایەوە کە لەلایەن ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی دابین کراوە.
لە رێوهڕسمهكهدا وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند پرۆژەی ئاوی فایدە كەبە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار تەواو بووە، بەشێکی دیکەیە لە گرینگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سێکتەری ئاو کە لە پێشەوەی کارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە و مانگانە بۆ ئەم سێکتەرە بڕی زیاتر لە ( 12 ملیار) دینار خەرج دەکات.
وەزیر ئاماژەی بەوەش كرد خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆکی دەلال كۆبووینەوە بۆ دەستپێکی كردنەوە و کارکردنی (پڕۆژەی ئاوی فایدەی ستراتیژی) کە لەلایەن ڕێکخراوی GIZ ئەڵمانی جێبەجێکراوە. پڕۆژەکە بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار و لە ماوەی 1034 ڕۆژدا تەواوکراوە و ئەو كەسانەی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژیەدا سوودمەند دەبن، زیاتر لە (200 هەزار) كەس دەبن و بەسەر هەشت شارەدێ و كۆمەڵگە و كەمپی ئاوارە و شوێنەکانی تری نیشتەجێبوون دابەشبوونە، هەر لە فایدە و كۆمەڵگەی شاریا و سەربازگەی ئازادی، تا دەگاتە هەردوو كامپی 1و 2 ی ئاوارەكانی سووریا و كامپی كەورتۆ.
ساسان عەونی ڕاشیگەیاند: سێکتەری ئاو لە ڕیزبەندی پێشەوەی کارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە و مانگانە بۆ ئەم سێکتەرە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە ( 12 ملیار) دینار خەرج دەکات.
سەبارەت بە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە، گوتیشی: دیدگای جەنابی سەرۆکی حکوومەت، بەڕێز مەسرور بارزانی، دیدگایەكی ڕوون و ستراتیژییە بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی ژێرخان و پڕۆژەی گەورەی ئاو و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بە یەكسانی بۆ هەموو هاووڵاتیان. هەر لەم چوارچێوەیەدا لە پلانماندایە زیاتر بایەخ بە پرسی ئاو بدەین و لەو شوێنانەی پێویستن نۆژەنكردنەوە بکەین و رێگری لە بە فیڕۆدان بکەین و زێدەڕۆیی لەسەر سامانی ئاو وەکو سامانێکی گرنگی نیشتمانیی ڕابگرین.
وەزیر سوپاسی رێكخراوی GIZى ئەڵمانی و هەردوو حکوومەتی ئەڵمانیا و فەڕەنسای کرد بۆ دابینکردنی بوودجەی ئەو پرۆژەیەی ئاوی خواردنەوە و پێشتریش لە بواری سێكتەری ژینگەپارێزی و بایەخدان بە زیادكردنی رێژەی سەوزایی و چەند كارێكی تر هاوكاری دامودەزگەكانی شارەوانی بوونە. هەروەها سوپاسی فەڕەنسییەکانی کرد و گوتی: سوپاسی دۆستە فەرەنسییەکانیشمان دەکەین کە بۆ ماوەی ساڵێک ئەرکی کارەکانی چاککردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی خاوێنکردنەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە لە ئەستۆ دەگرن. گوتیشی: ئەڵمانیا و فەرەنسا هەمیشە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بوونە.
شیاوی باسە پڕۆژەی ئاوی فایدەی ستراتیژی لە سنووری پارێزگەی دهۆک بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار تەواو کراوە، گرفتی کەمئاویی سەدان هەزار هاووڵاتی لە سنووری زیاتر لە هەشت کۆمەڵگە و شارەدێ و کامپی ئاوارەکانی پارێزگەی دهۆک چارەسەر دەکات.