Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی هەینی ٢٠٢١/٤/٩ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردۆتەوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

 

چەند ڕۆژێکە هەواڵێک لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن، سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، بۆیە ئەم ڕوونکردنەوانەی خوارەوە بە پێویست دەزانین:

- توێژەکانی کوردستان ئەوانەی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان مافی وەرگرتنی زەویان هەیە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو مافەیان لەبەرچاو دەگرێت و لە کاتی هەبوونی ژمارەی زەوی پێویست کە بەپێی پلان بۆ نیشتەجێکردن ئامادە دەکرێت، بەسەر سەرجەم توێژەکان دابەش دەکرێت، نەوەک بە جیاوازی و لە چەند شوێنێکی دیاریکراو و بەکارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشکردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستکردنی ئەمری واقیعێک بە دوور لە بنەمای یاسایی.

- ڕەفتارکردن و دابەشکردنی زەوی دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بێت، بۆ هەموو خەڵکە موستەحەق و شیاوەکان بێت، بەپێی بڕیار و ڕێکار و بنچینە یاساییەکان بێت.

- ڕەفتارکردن و دابەشکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ زەوی و زاری حکوومەت و موڵکی گشتی، لەناو سنووری شارەوانییەکان، بەبێ ڕەزامەندیی فەرمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەر لایەن و فەرمانگە و کەسێک بیکات، ئەوا یاساشکێنییە و لێکەوتەی یاسایی بەدوادادێت.

- حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک کاری نایاسایی ڕەفتارکردن لەگەڵ دابەشکردنی زەوی بە شێوەی هەوایی و کارت ڕاگرتووە و کاری پێ ناکرێت، پێچەوانەی ئەوە هیچ بەهایەکی یاسایی نابێت.

- موڵکی گشتی و زەویوزار، موڵکی هەموو خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوومانە و ڕێگەنادرێت بە نایاسایی بەکار بهێندرێت.