پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكی ٨ی حەسارۆك دەستی پێ کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٨/٢٣ی زایینی، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی زەوییەكانی ٨ی حەسارۆكیان كرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش، دەستپێكردنی پرۆسەی كاركردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە كەرتی ٨ی حەسارۆكی ڕاگەیاند و گوتی: فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و شارەوانی سەرەتا كاری خاوێنكردنەوە و خۆڵكاری و دروستكردنی هەردوو شەقامە گەورەكەی ناو هەشتی حەسارۆك دەكەن و دیزاینی ئاوەڕۆش دەدرێتە كۆمپانیایەك بۆ ئەوەی بەزووترین كات تەواوی بكات و ئەو هاووڵاتییانەش داخوازی دروستكردنی خانوویان لە گەڕەكی ٨ی حەسارۆك هەیە، لەمڕۆوە مۆڵەتەكانیان وەردەگیرێ و دەتوانن ئیشوكارەكانیان بكەن.
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی بۆ ئەم قۆناغەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ٨ی حەسارۆك تەرخان كراوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕایگەیاند: بۆ ئەم قۆناغەی كاركردن، نزیكەی ٦٠٠ ملیۆن دینار تەرخان كراوە و هەروەها لە ئایندەیەكی نزیكیشدا ٣٠٠ ملیۆن دیناری دیكە بۆ جێبەجێكردنی شەقامی نێوان 5ی حەسارۆك و ٨ی حەسارۆك لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر تەرخان دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: دەمەوێت ئەوە ڕوون بكەمەوە كە دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتینە ئێرە (٨ی حەسارۆك) و جەنابی سەرۆكی حكوومەت فەرمانی كرد كە مۆڵەتی بینا بكرێتەوە و كاری پێویست ئەنجام بدرێت، لە ماوەی دوو مانگدا كە فەرمانگەیەكی تایبەت بەو كەرتەمان داناوە بۆ وەرگرتنی مامەڵە و داواكارییەكانی هاووڵاتییان، بەڵام لە كۆی ٢٠ هەزار پارچە زەوی كە نزیكەی ١٤ هەزاریان زەوی نیشتەجێبوونن، تا ئێستا تەنیا ١٧٦ داواكاری پێدانی مۆڵەت لەلایەن هاووڵاتییانەوە دراوەتە فەرمانگەی ٨ی حەسارۆك، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەسەر داخوازی و داواكاری جەنابی سەرۆكی حكوومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گەڕەكە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندارەكان دەستدەكەن بە جێبەجێكردنی ئەو كارە، واتە گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو كەرتە.
سەبارەت بە قۆناغەكانی دیكەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی گەڕەكی ٨ی حەسارۆك، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە لە هەر قۆناغێكدا كە پێویست بكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی پێویست بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری باشتر و خێراتر دابین دەكات و ئەو بڕە پارەیەی ئێستاش بڕە پارەیەكی زۆر باشە و كارە سەرەتاییەكانی پێ ئەنجام دەدرێت و هیودارین هاووڵاتییانی خۆشەویست ئەوانەی حەز دەكەن خانوو دروست بكەن، دەست بە كارەنیان بكەن.
پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا گوتی: وێڕای پشتیوانیكردن لە قسەكانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار، ئێمەش وەكو پارێزگاری هەولێر پێداگری دەكەینەوە كە لەژێر ڕێنمایی و چاودێری خودی سەرۆكی حكوومەت كە ماوەیەك لەمەوبەر مەیدانییەن خۆی هاتە ئێرە و ئێمەی وەكو پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی ڕاسپارد بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری دەست بە ئامادەكارییەكان بكرێت، پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن دەست بە مامەڵەكانیان بكەن بۆ ئەوەی ڕێگەپێدانیان پێ بدرێت و دەست بكەن بە دروستكردنی خانووەكانیان، ئەمڕۆكە لێرەوە دەستدەكرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و جارێكی دیكە تەئكید دەكەینەوە تەواوی زەوییەكانی دیكەی هاوشێوەی ٨ی حەسارۆكی بابەتی ئێمەن، وەك پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی خزمەتگوزارییان پێ دەگەیەنین.