Skip to the content

بە هاوكاری ئاژانسی VNGی هۆڵەندی سیمیناری پڕۆژەی پەرەپێدانی باسرمە و كەورگۆسك ساز كرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی نێودەوڵەتیی شارەوانییەكانی هۆڵەندا ( VNG)  سيمينارى پەرەپێدانی هەردوو شارۆچكەی "باسرمە و كەورگۆسك"یان ساز كرد و بە وردی تاوتوێی پڕۆژە و چۆنیەتی پەرەپێدانی هەردوو شارۆچكەكەیان كرد كە بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی VNGى هۆڵەندی جێبەجێ دەكرێت، هاوكات سەرۆكی شارەوانی و ئەندازیارانی پڕۆژەكە لەسەر داتاشۆ پلانسازی و چۆنیەتی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی شارۆچكەكانیان خستەڕوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 3/8/2021 لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و هانز ئەكریبووم كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان و تیمی ئاژانسی VNG و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەر و ئەندازیاران و سەرۆكی شارەوانی  هەردوو شارۆچكەكە، سیمیناری پەرەپێدانی باسرمە و كەورگۆسك سازكرا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كونسوڵی هۆڵەنداش وتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگیی پڕۆژەكە  و چۆنیەتی پەرەپێدانی باسرمە و كەورگۆسك كرد.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد: پڕۆژەی پەرەپێدانی هەردوو شارۆچكەی باسرمە و كەورگۆسك لە سنووری پارێزگەی هەولێر لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی شارەوانییەكانی هۆڵەندا ( VNG )  جێبەجێ دەكرێت. هەروەها ئەم دیدارەی بە گرنگ زانی و گوتیشی ئەم دیدارەی ئەمڕۆ پێویست بوو بۆ زیاتر پەرەپێدانی سێكتەرەكانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و کاروباری شارەوانی و پەرەپێدان بە سیستەمی GIS بە شێوەیەکی گشتی لە هەرێمی كوردستان بە سوودوەرگرتن لە شارەزایی و توانای (ئاژانسی  VNG).

هانز ئەكریبووم كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان لە بەشێكی وتارەكەیدا باسی لە هاوكارییەكانی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان وێڕای پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازیشەوە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا هاوكاری هێزی پێشمەرگەشیان كردووە و ئێستاش هاوكارییەكانیان بەردەوامە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگییەكانی نێوان وەزارەت و ئاژانسی VNGی هۆڵەندی كرد، لەمبارەیەوە گوتی: پێشتریش لەگەڵ ئاژانسی VNG یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنمان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان لە چوارچێوەی پرۆگرامەكانیان واژوو كردووە بە مەبەستی باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق، كە پڕۆژەكە لەلایەن فەرمانگەی هاوكاریی مرۆیی و سەقامگیریی لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بەشێوەی بەخشەر پارەی بۆ تەرخان كرابوو بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كەوتە بواری جێبەجێكردن. 

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا هانز ئەكریبووم كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە حكوومەت و خەڵكی كوردستان دەربڕی و گوتی ئێمە وەك لایەنی هۆڵەندی ئامادەی هەموو هاوكارییەكین و پێمان خۆشە كە دەرفەتی كاری زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن بكەونە سەر ئیشوكاری خۆیان، هەروەها پڕۆژەكەی بە گرنگ ناوبرد و هیوای بەردەوامی كاركردنی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا خواست.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ئاژانسی VNGی هۆڵەندی لە چوارچێوەی پرۆگرامەكانی MASAR لە چەندین سێكتەری دیكەدا هاوكاری و پاڵپشتیی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر بە بەردەوامی لەگەڵ تیمەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە بواری پەرەپێدان و خستنەڕووی پلانی ستراتیژی گەشەپێدان كاریان كردووە. لەبارەی ئامانجی سیمینارەكە ساسان عەونی گوتی: ئەمڕۆ قۆناغێكی دیكەی هەماهەنگییەكانمان گفتوگۆ كرد بۆ زیاتر پەرەپێدانی هەردوو شارۆچكەی باسرمە و كەورگۆسك و گرنگی ئەم دیدارە لەوەدایە ئێمە هەردوو لایەنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی VNG ئامانجانە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی خزمەتكردنی ئەو دوو كۆمەڵگەیە بكەین و پەرەی زیاتر بە رەوشی خزمەتگوزاری سنوورەكانیان بدەن.