له هەولێر، ژمارهیهك پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دهكرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری دروستكردنی شەقام و كۆنكرێتكردن و ئاوەڕۆی لوولەیی لە چەند گەڕەك و شوێنێكی شاری هەولێر كەوتنە بواری جێبەجێكردن و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێریش ئاماژە بەوە دەكات كە لە ماوەیەكی نزیكدا ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە شارەكە دەكەونە بواری جێبەجێكردن.
ئەو پڕۆژانەی ئێستا كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە ژمارەیان زیاتر لە حەوت پرۆژەن و لەسەر ڕێژەی 15% و هەروەها ڕێژەی 100%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە مەبەستی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەولێر جێبەجێ دەكرێن.
ئەو پرۆژانەی ئێستا دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە، بریتین لە پرۆژەی:
-دروستکردنی شەقامێکی ١٥مەتری لە گەڕەكی شارەوانی.
-دروستکردنی شەقام لە گەڕەکی ئەندازیاران.
-تێکەڵەڕێژکردنی سایدی دووەمی شەقامی٣٠مەتری لە گەڕەکی فەرمانبەران بە تێکەڵەی جۆری B.
-دروستکردن و تەواوكردنی شەقام لە گەڕەکی فەرمانبەران لەگەڵ ئاوەڕۆی لوولەیی.
-دروستکردنی شەقامێکی کۆنکرێتی لە گەڕەکی موفتی.
-دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەکی مامۆستایان.
-دروستکردنی شەقام لە گەڕەکی گردجووتیار.