Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شاندێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 13ی كانوونی یەكەمی 2021 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كرد، كە پێكهاتبوون لە محەمەد ڕەسووڵ موراد سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و ڕێگاوبان، كەریم عەلی كەریم سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە، بەرزان حامد سەعید سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ.
لە دیدارەكەدا چەند تەوەرێكی گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، لەوانە: بابەتی پێوەری ئاوی خواردنەوە كە شاندەكە چەند پرسیارێكیان لەبارەیەوە هەبوو، هەروەها چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بە كاروباری شارەوانییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و  گەرمیان، بابەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی تاوتوێ كران، لەبارەی پرسی پێوەری ئاویش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی ڕوونكردنەوەی پێویستی دایە شاندەكە و سەبارەت بە بابەتی كاروباری شارەوانییەكانیش بە هەمان شێوە گفتوگۆی چڕی لەبارەوە كرا بە شێوەیەك كە كاروباری شارەوانییەكان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و پێشسختنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بن.
لە تەوەرێكی تردا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەكەی نێوانیان، هاوكات پەرەپێدانی هەماهەنگیی زیاتری نێوان وەزارەت و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێویستزانی و جەختیشی كردەوە هەركات پێویست بكات وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگی و كارێكی پێكەوەیی ئامادەیە لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە ڕووی پەرەپێدانی سەرجەم سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان.