وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شاندێكی یونیسێف پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و وشكەساڵیان تاوتوێ كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە (13ی كانوونی یەكەمی 2021) ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە دكتۆر عەلی خەتیب بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە ئۆفیسی یونیسێف لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوون لە بەڕێوەبەرانی ئاو و ئاوەڕۆ لە ئۆفیسەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆكی یونیسێف.
لە دیدارەكەدا كە ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەی بوو، چەند تەوەرێكی گرنگ و ستراتیژیی تایبەت بە وشكەساڵی و كاریگەرییەكانی لەسەر كەمئاوی و پەرەپێدانی سێكتەری ئاو بە گشتی و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای بەخێرهاتنی شاندەكە هاوكات سوپاسگوزاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری گەیاندە شاندەكەی یونیسێف لە عێراق لە پای ئەو هاوكاری و پڕۆژانەی پێشتر لە هەرێمی كوردستان لە بواری پڕۆژەی ئاو و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ كەمپەكان جێبەجێیان كردووە، هەروەها پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوكارییەكانی بە پێویست و گرنگزانی بۆ زیاتر بووژانەوەی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستان.
ئۆفیسی یونیسێف لە عێراق دەیانەوێت لە بابەتی وشكەساڵیدا هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش چەند پڕۆژەیەك لە بواری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و سلێمانی و دوبز جێبەجێ دەكەن، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕوئیای خۆی لەبارەی ئەو بابەتەوە خستەڕوو و پێشوازی لە هەر جۆرە هاوكاری و جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی یونیسێف دەكات بۆ خزمەتكردن و بووژانەوەی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستان.