بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی خاوێنكردنەوەی پاشماوەكانی لافاو لە گەڕەكی سەركارێز كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پڕۆسەی خاوێنکردنەوەی پاشماوەکانی لافاو لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە بەردەوامە و دوێنێ شەممە 18/12/2021 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی پڕۆسەی خاوێنكردنەوە و بەسەركردنەوەی تیمەكانی شارەوانی، سەردانی گەڕەكی سەركارێزی شاری هەولێری كرد و بە وردی بەدواداچوونی بۆ کارەکانی خاوێنکردنەوە کرد و هەروەها هاووڵاتییانی دڵنیاکردەوە کە تیمەکانی شارەوانی هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن تاوەکو بەخێرایی ژیان لەو گەڕەکە ئاسایی بێتەوە.
گەڕەكی سەركارێز كەوتووەتە ڕۆژئاوی شاری هەولێر و بەهۆی بارانێكی زۆر و تەسكبوونەوەی ڕێڕەوە سرووشتییەكان، بەشێكی گەڕەكەكە دووچاری لافاو بووەوە، بۆ ئێستاش مەریوان هادی جێگری سەرۆكی شارەوانیی هەولێر لەگەڵ تیمێكی شارەوانی كە پێهاتوون لە ژمارەیەكی زۆر كرێكار و ئامێری شارەوانی، سەرپەرشتیی پڕۆسەی خاوێنكردنەوەی پاشماوەكانی لافاوەكە دەكەن و تاوەكوو ئێستاش كارێكی زۆر باشیان كردووە و لە ماوەیەكی كەمدا ژیان لەو شوێنە ئاسایی دەبێتەوە.