Skip to the content

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و شاندێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هەماهەنگی زیاتر و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان تاوتوێ دەكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 5/12/2021 له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پێشوازی له شاندێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كرد كه‌ پێكهاتبوون له‌‌ بارباره‌ ئیگه‌ر سه‌رۆكی به‌شی په‌ره‌پێدان و هاوكاری له‌ به‌غدا و ماری پارێت سه‌رۆكی ئۆفیسی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ریان.

له‌میانه‌ی ئه‌و دیداره‌دا چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگ تاوتوێ كران، له‌وانه‌، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ وردی كاروباری شاره‌وانییه‌كانی بۆ شانده‌كه‌ ڕوونكرده‌وه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆچوون و سه‌رنج له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباری شاره‌وانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاڵوگۆڕكران، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ جه‌خت‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا هه‌ماهه‌نگی و گرنگیدان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا زیاتر بكرێت. هه‌روه‌ها گرنگیی په‌ره‌پێدان و زیادكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كان و هاوكاری و پڕۆژه‌كانی ڕێكخراوه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. 

له‌ به‌شێكی تری گفتوگۆكانی دیداره‌كەدا‌، پڕۆژه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كه‌ به‌ هاوكاریی ڕێكخراوه‌كانی وڵاتانی یه‌كێتییه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێن، تاوتوێكران و له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ساسان عه‌ونی سوپاسی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ڕێكخراوه‌كانی كرد كه‌ به‌ به‌رده‌وامی هاوكار و پاڵپشتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بوونه‌ له‌ ڕووی پاڵپشتیكردن له‌ دۆزی كورد و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و كردنه‌وه‌ی خولی هه‌مه‌جۆر بۆ فه‌رمانبه‌ران و ده‌یان كاری دیكه‌ش كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی سوپاسگوزارین، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌ پێویستیزانی‌ ئاستی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا فراوانتر بكرێت.