Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی ڕەوەندی كورد لە سویسرا دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  رۆژی سێشەممە 7/12/2021 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی ڕەوەندی كوردی لە سویسرا كرد، كە چەند ڕۆژێكە بە بۆنەی بەڕێوەچوونی كارەكانی كۆنگرەی كۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی ڕەوەندی كوردی لە سویسرا، پیرۆزبایی بەڕێوەچوون و كۆتایی هاتنی كارەكانی كۆنگرەی كۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردی لێ كردن، كە ڕۆژی شەممە 4ی كانوونی یەكەمی 2021 لە شاری هەولێر دەستی بە كارەكانی كرد.
لەمیانەی دیدارەكەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی زیاتر ئاشناكردنی شاندەكە بە ڕەوشی خزمەتگوزاری و پێشكەوتنەكان، باسی لە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێكردنی پرۆژەكان كرد، هەروەها تیشكی خستە سەر كاروبارەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە یەكێكە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی سێكتەرەكانی شارەوانی و خۆڵ و خاشاك و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار و شوێنەوار و نەخشەدانانی ئاوەدانی، ڕۆڵی لە شارسازی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی پرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە.
هەردوولا هەماهەنگی و پەیوەندی نێوانیان بە گرنگ و پێویستزانی بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی سەرنج و پێشنیازەكان بۆ زیاتر بووژانەوە و خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان.