هەندێك لە ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان پێویستییان بە ئەبدێتكردنەوە هەیە و دەگۆڕدرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: ئێمە مامەڵە لەگەڵ سێ جۆر ماستەرپلاندا دەكەین، یەكەمیان ئەو ماستەرپلانانەن بۆ شار و شارۆچكەكان جێبەجێكراون، بەشێكی دیكەیان ئەو ماستەرپلانانەن چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوەوە، بەڵام تەواو نەكراون، هەروەها دەشڵێت: بەشێكی دیكەشیان پەیوەندی بە شار و شارۆچكەكانەوە هەیە كە تا ئێستا ماستەرپلانیان نییە و لە هەر سێ جۆریشیاندا گرفتی جۆراوجۆر هەن.
لەبارەی گۆڕین و ئەبدێتكردنەوەی ماستەرپلانەكان، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: ئەو ماستەرپلانانەی تەواو كراون و چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، تێیاندایە ماوەی دە ساڵ زیاتر بەسەر جێبەجێكردنیاندا تێپەڕیوە و ئێستاش پێویستییان بە گۆڕانكاری و ئەبدێتكردنەوە و چاكسازی هەیە. لەمبارەیەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی بایەخ بەو بابەتە دەدات و خەریكی ئامادەكردنی نەخشەرێگایەكن بۆ ئەوەی پێشكەش بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی بكەین، چونكە بابەتی دانانی ماستەرپلان بودجەی تایبەتی پێویستە و ئەو بودجەیەش ئێستا لە دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا نییە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی گۆڕینی رەگەزی زەوی، ئاماژە بەوە دەكات كە بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستی تاكەكان و فراوانی شارەكان، گۆڕینی رەگەزی زەوی بە یاسا رێكخراوە و یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكانیش رێگە بە گۆڕینی رەگەزی زەوی دەدات و ئەو دەسەڵاتەش دراوەتە ئەنجوومەنەكانی شارەوانی كە بەپێی پێداویستی و فراوانبوونی شارەكان بۆ بەكارهێنانی زەوی ئەو دەسەڵاتە هەیە بۆ گۆڕینی رەگەزی زەوی.