Skip to the content

شاندێكی باڵای پەرلەمانی كوردستان سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/1 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازیی لە د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا بە یاوەریی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان كە لەناو وەزارەتی شارەوانی بەڕێوە چوو، تیشك خرایە سەر گرنگیی بەردەوامی خزمەتگوزارییەكانی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتییانەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی بریكاری وەزارەت، ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە چوو، شاندی پەرلەمانی كوردستان مەبەستی سەردانەكەیان لەسەر بنەمای چەند تەوەرێك خستە ڕوو كە پەیوەستن بە سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار و شوێنەوار.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە گرنگییەوە باسی لە هەنگاوەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ چاكسازی كرد و هیوای خواست بەردەوام بێت و گوتی: ئێمە وەك پەرلەمانی كوردستان لە ڕێی لیژنەكانمانەوە هەموو هەماهەنگییەك دەكەین هەروەها چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەویاسایانە دەکەین کەلەپەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراون و ئاستی جێبەجێکردنی یاساکان لەدامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەیاندنی خزمەتگوزاری شایستە بۆ هاولاتیانی کوردستان لەچوارچێوەی وەزارەتی شارەوانی وگەشتگوزار.

لای خۆیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سوپاسی سەردانەكەی كردن و بە هەنگاوێكی ئەرێنی گرنگی زانی تا لە نزیكترەوە دەسەڵاتی یاسایی كە ئەركی چاودێریكردنی حكوومەتیشیان لەسەرە، ئاگاداری كارەكان بن و گوتی: ئێمە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وێڕای بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییەكان و هەوڵی بەرزكردنەوە و باشتركردنیان، یەكەم خاڵی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتمان كردووەتە بەشێكی سەرەكیی هەنگاوەكانمان كە چاكسازییە و هەوڵمان داوە ڕەنگدانەوەی ئەو كارانەی كراون هاووڵاتییان هەستی پێ بكەن، ئەگەرچی پشوویەكی درێژتری دەوێت، بەڵام خۆشبەختانە لە هەموو سێكتەرەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەخۆی دەگرێت، هەنگاوی باش بڕاون.

لیژنەی شارەوانیی پەرلەمان سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریان كرد كە هەر پرسیار و بەدواداچوونێكیان هەبووبێت خێرا بەتەنگ داواكارییەكانیانەوە چوون و بە ڕوونی وەڵامیان دراوەتەوە.

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا، شاندی پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەكانی نێوانیان كۆك بوون و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن، هەردەم دەرگای وەزارەت بۆ پەرلەمانتارە بەڕێزەكان كراوەیە تا هەر پرسیار و ڕوونكردنەوەیەكیان هەبێت، بیخەینە بەردەستیان.