كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی نەخشە و ماستەرپلانی شارەكان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/22 وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست، ئەمەش دەقی کۆنگرە رۆژنامەکەیە.
لەژێر چاودێریی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ پەرەپێدانی بواری پلانسازی و نەخشەدانانی ئاوەدانی پەیوەست بە شار و شارۆچكەكان رێكخرا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ دەزگەكانی راگەیاندن خستەڕوو.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ئامانجەكانی كۆبوونەوەكە گوتی: كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆمان بریتی بوو لە برەودان بە نەخشەدانانی ئاوەدانی و نەخشەسازی لە دامودەزگەكانی حكوومەت لە ڕووی كارگێڕی و دارایی و نەخشەسازی و هونەرییەوە، هەروەها گفتوگۆكردن بوو لەسەر جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان و نەخشە كەرتییەكان و لە رووی هونەریشەوە باسمان لە رێكارەكانی ئامادەكاری نەخشە كەرتییەكان و رێكارەكانی پەسەندكردن و مامەڵەكردن لەگەڵ نەخشە كەرتییەكان كرد. گوتیشی: تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەمان بریتی بوو لە رێنماییەكانی پاراستنی رووبەری سەوزایی لە سنووری نەخشەی بنەڕەتی شار و شارۆچكەكان كە ئەو بابەتانە هەموویان كاریگەریان هەیە لەسەر گرنگترین دوو توخم لە توخمەكانی پێكهێنەری نیشتمانمان كە ئەوانیش رەفتاركردنە لەگەڵ خاك و مرۆڤدا، ئاماژەی بەوەش كرد لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار و راسپاردەی پێویست لەسەر ئەو تەوەرانە وەرگیراون.
لەبارەی سوودوەرگرتن و هەماهەنگی لەگەڵ شارەزایان و زانكۆكان لە بواری نەخشەدانان و ماستەرپلانی شارەكان، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا رایگەیاند: ئەوانەی ئامادەكاری ئەو كۆبوونەوەیەیان كردووە، بەرپرسیارێتی ئیداری و راوێژكاریان هەیە و خۆیان هەڵگری بڕوانامەی بەرزی ئەكادیمین كە بڕوانامەی دكتۆرایان لە بواری نەخشەدانانی ئاوەدانی هەیە، هەروەها هەموو ئەو بەڕێزانەی كە بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی پارێزگاكانن پسپۆڕیان لە ئەندازیاری تەلارسازیدا هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوە چونكە ئەو بابەتە بابەتێكی زانستییە، پێویست دەكات هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندە ئەكادیمییەكان و زانكۆكاندا هەبێت، لە كۆبوونەوەكەدا داوای زیادكردنی بڕگەیەك بۆ ئەو جۆرە هەماهەنگییە خرایە گفتوگۆوە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی گۆڕانكاری و چارەسەری گرفتەكانی ماستەرپلانی شارەكان و گۆڕینی رەگەزی زەوی و پشتێنەی سەوزاییش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: لەبارەی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان، ئێمە مامەڵە لەگەڵ سێ جۆر دەكەین، یەكەمیان ئەو ماستەرپلانانەن كە بۆ شار و شارۆچكەكان جێبەجێكراون و بەشێكی تریان ئەو ماستەرپلانانەن چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوەوە، بەڵام تەواو نەكراون، بەشێكی تریشیان ئەو شار و شارۆچكانەن تا ئێستا ماستەرپلانیان نییە، بێگومان لە هەر سێ جۆردا گرفتی جۆراوجۆر هەن، ئەو ماستەرپلانانەی تەواو كراون و چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، تێیاندایە ماوەی دە ساڵ زیاتر بەسەر جێبەجێكردنیاندا تێپەڕیوە و ئێستاش پێویستییان بە گۆڕانكاری و ئەبدێتكردنە و چاكسازی هەیە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی بایەخی پێ دەدات و كاری لەسەر دەكات و خەریكی ئامادەكردنی نەخشەرێگایەكن بۆ ئەوەی پێشكەش بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی بكەین، چونكە بابەتی دانانی ماستەرپلان بودجەی تایبەتی پێویستە و ئەو بودجەیەش ئێستا لە دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا نییە.
لەبارەی گۆڕینی رەگەزی زەویش، ساسان عەونی ئاماژەی بەوە كرد گۆڕینی رەگەزی زەوی بە یاسا رێكخراوە و یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان رێگە بە گۆڕینی رەگەزی زەوی دەدات و ئەو دەسەڵاتە دراوەتە ئەنجوومەنەكانی شارەوانی كە بەپێی پێداویستی و فراوانبوونی شارەكان و پێداویستی شارەوانی بۆ بەكارهێنانی زەوی ئەو دەسەڵاتە هەیە كە بە گوێرەی رێكارە یاساییەكان جێبەجێ بكات، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی فراوانی شار و پێداویستی تاكەكان.
سەبارەت بە پلانی ستراتیژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ پەرەپێدان و پاراستنی ناوچە سەوزاییەكانی سنووری شارەوانییەكان لە هەرێمی كوردستان، ساسان عەونی ئاماژەی بەوە كرد كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ستراتیژێكی داناوە بۆ پەرەپێدان و پاراستنی ناوچە سەوزاییەكانی سنووری شارەوانییەكان لە هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەی راوێژكاری وەزارەت ئەو بڕیارە پەسەند كرا و لە سەرجەم شارەوانییەكان جێبەجێ كراوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی گوتیشی: شاری هەولێر دوو پشتێنەی سەوزایی بۆ دیاریكراوە و هەر یەك لەو پشتێنە سەوزاییانەش ماستەرپلانی خۆی هەیە و بەگوێرەی ئەو رێكارەی لەو ماستەرپلانەدا دانراوە، جێبەجێ دەكرێت، شار و شارۆچكەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش بەگوێرەی ئەو ستراتیژیەی دامانناوە، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگاكان راسپێردراون كە ماستەرپلانی تایبەتی بۆ دەستنیشانكردنی ئەو رووبەرە سەوزاییانەی كە هەیە دابنێن و هەروەها بەراوردكردنی ئەو رووبەرە سەوزاییانە لەگەڵ ئەو ستاندەردەی كە پێویستە هەر شار و شارۆچكەیەك هەیبێت.