وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و مۆزەخانەی هەولێری بەسەركردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ سێشەممە 2021/2/9 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی برەودانی زیاتر بە شوێنە شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستان و مۆزەخانەكان و داڕشتنی پلانی نوێ بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران و سەردانكەران بكەن، هەروەها كاركردن لەگەڵ تیمە بیانی و ناوخۆییەكان بۆ دۆزینەوەی شوێنی شوێنەواری زیاتر و بایەخدانی میدیا بەو سێكتەرە، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر و مۆزەخانەی شارستانیی هەولێری بەسەركردەوە و لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروبارەكان كرد و جەختیش لە داڕشتن و جێبەجێكردنی پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی شوێنەوار و مۆزەخانەكان كرایەوە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە گرنگی سێكتەری شوێنەوار بۆ هەرێمی كوردستان كرد، لە رووی مێژوویی و پاراستن و دۆزینەوەی شوێنە شوێنەوارییەكان و كەلوپەلە مێژووییەكان، لەمبارەیەوە جەختی كردەوە كە شوێنە شوێنەوارییەكان و كەلوپەلە مێژووییەكان كە لە مۆزەخانەكاندان موڵكی تاكە كەسێك نین، بەڵكوو هی هەموو خەڵكی كوردستانن و دەبێت بە باشترین شێوە بپارێزرێن و پەرەپێدانی زیاتریش لەو سێكتەرەدا بكرێت، چ لە رووی میدیاییەوە بە گرێدانی سیمینار و كۆڕ و كۆبوونەوە و خستنەڕووی شوێنە شوێنەوارییەكان و كەلوپەلەكان بۆ ئەوەی زۆرترین كەس ئاشنایی بەو شوێن و كەلوپەلە دێرینانەی گەلی كوردستان پەیدا بكەن و لە رووی گەشتارییشەوە سەرنجی گەشتیاران رابكێشن تا خەڵكی ناوخۆیی و بیانی ئاشنای مێژوو و شوێنە شوێنەوارییەكانی كوردستان ببن. هەروەها جەختیشی لە پەرەپێدانی هەماهەنگی دامەزراوەكانی شوێنەوار لەگەڵ میدیاكان و زانكۆ و رێكخراوە تایبەتمەندەكان كرایەوە بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری زیاتر و پەرەپێدانی زیاتر بەو سێكتەرە لە هەموو رووێكەوە.