وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و گوتەبێژی حكوومەت پەرەپێدان و هەماهەنگیی میدیایی تاوتوێ دەكەن
![](/media/4124/sasan-awni__receives_jotiar-adil.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132559805450000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی كانوونی دووەمی 2021 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە دكتۆر جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەرەپێدان و هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا، بەمەبەستی خستنەڕووی زانیاری لەسەر پرۆژەكان و گواستنەوەی چالاكییەكانی وەزارەت بۆ هاووڵاتییان و دەزگەكانی راگەیاندنی كوردستان.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بابەتی هەماهەنگیی نێوان راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە ئەرێنی وەسف كرد و هەروەها ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەكیشی لەپێناو فراوانكردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوانیان دەربڕی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی گەیاندنی كار و پرۆژەكانی وەزارەت بۆ بەرچاوی خەڵكی كوردستان و دەزگەكانی راگەیاندنی كوردستان.