Skip to the content

ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پلانی نوێ بۆ خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان دادەنێت

هەەلێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمڕۆ دووشەممە (18ی كانوونی دووەمی 2021) ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج كاتژمێر، گفتوگۆیان لەسەر پلانە نوێیەكانی وەزارەت بۆ زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان كرد و بەشداربوان لەسەر چۆنییەتیی بەرەوپێشچوونی ئەو خزمەتانە بۆچوونی خۆیان خستە ڕوو و لەسەر كۆمەڵێك ڕێكاری نوێ بڕیار درا.

لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا، بریكاری وەزارەت، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ڕاوێژكارانی وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار، بەڕێوەبەرانی گشتیی ناو وەزارەت، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكان و چەند بەڕێوەبەرێكی دیكەی ناو وەزارەت بەشدار بوون.

ساسان عەونی: لە دژوارترین ساتەكانی دۆخی كۆڕۆنا و قەیرانی دارایی، خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ئاستی هەموو سێكتەرەكان بەردەوام بوون، ئەمەش نیشانی دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هاووڵاتییانە و لە هیچ بارێكدا نابێت ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانە بێنە خوارەوە و هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەرز بكەینەوە.

ئەمە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەی ڕاوێژكاریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە لە ساڵی 2021دا، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا بە شێوەیەكی بەردەوام بەپێی پێویستیی سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری، ئەم كۆبوونەوانە بەردەوام بن.