بە گوژمەی 32 ملیار دینار لە دهۆك 76 پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ كراون
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك كە پەنجا فەرمانگەی شارەوانی لەخۆ دەگرێت، لە ساڵی رابردوودا بە گوژمەی 32 ملیار دینار، 76 پرۆژەی فرەجۆری خزمەتگوزاری جێبەجێ كراون، كە 54 پرۆژەیان لەسەر بودجەی شارەوانی و 12 پرۆژەی دیكەیان لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆك بوونە. 74 پارچە زەویش بەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەشكراون.
بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك، لە ساڵی رابردوودا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەدا بە گوژمەی 32 ملیار دینار، 76 پرۆژەی جۆراوجۆر خزمەتگوزاری جێبەجێ كراون، كە 54 پرۆژەیان لەسەر بودجەی شارەوانی جێبەجێ كراون، هەروەها سێ پرۆژەی دیكەیان لەلایەن رێكخراوە بیانییەكان و پرۆژەیەكیش لەلایەن سندوقی گەشەپێدانی جڤاكی و شەش پرۆژەی دیكەش لە دەڤەری فەیدیێ لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە جێبەجێ كراون. هەروەها لەسەر پێشینەی مانگانەی شارەوانی، بە گوژمەی 87 ملیۆن دینار چەندین پرۆژەی دیكەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری جێبەجێ كراون.
هەر لەو سنوورە، لە ساڵی رابردوودا بۆ زیاتر خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، 74 پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و قەرەبوو دابەش كراون، لەگەڵ پێدانی هەزار و یەك مۆڵەتی دروستكردنی خانوو و 104 شوێنی بازرگانی.