رەوشی خزمەتگوزاری و پرۆژەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین تاوتوێ كران
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە (26ی كانوونی دووەمی 2021) لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوونی پرۆژە تەواونەكراوەكان و رەوشی خزمەتگوزارییەكانی دەڤەری ئیدارەی ڕاپەڕین، پێشوازی لە هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی خزمەتگوزاری و پرۆژە تەواونەكراوەكانی دەڤەری ئیدارەی ڕاپەڕین كرا.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار، لەبارەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەكە، جەختی لەسەر بایەخدانی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەو دەڤەرە كردەوە، هەروەها پەرەپێدان و هەماهەنگیی زیاتری نێوان فەرمانگە شارەوانییەكان و ئیدارەی دەڤەرەكەی لەپێناو پێشكەشكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بە گرنگ زانی.