وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە پارێزگاری هەڵەبجە كرد
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە، سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان و پرۆژە تەواونەكراوەكانی دەڤەری پارێزگای هەڵەبجە و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوانیان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە (26ی كانوونی دووەمی 2021) لە دیوانی وەزارەت بە مەبەستی بەدواداچوون و گفتوگۆكردن لەبارەی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكانی سنووری پارێزگەكە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە كرد.
ئەم كۆبوونەوەش دوای ئەوە هات، چەند هەفتەیەك پێش ئێستا، لە مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستێكی خزمەتگوزاری لە سێكتەری ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگەكە واژوو كرا.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ سێشەممەدا، كە ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی خزمەتگوزاری و پرۆژە تەواونەكراوەكانی دەڤەری پارێزگەی هەڵەبجە كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش جەختی لەسەر پەرەپێدانی زیاتری هەماهەنگییەكانی نێوان دامودەزگەكانی شارەوانی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە كردەوە لەپێناو پێشكەشكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەكە.