دێرەلووك..شەقامە ناوخۆییەكان بە 363 ملیۆن دینار نۆژەن و قیڕتاو دەكرێنەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی پلانەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك و شارەوانیی دێرەلووك بە گوژمەی 363 ملیۆن دینار ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری كەوتنە بواری جێبەجێكردن.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لیستێكی دیكەی تایبەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆكی بە بڕی نزیكەی 380 ملیۆن دینار پەسەند كرد.
پڕۆژەكانی سنووری شارەوانیی دێرەلووك بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانیی دهۆك و شارەوانیی دێرەلووك بە گوژمەی 363 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن، كە بریتین لە نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقام و ئاوەڕۆ و شۆستە لە گەڕەكەكانی: داستان، ئازادی، شەهیدان لە دێرەلووك.
شایەنی باسە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوێرەی پلان كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكەن و لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەكەشدا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری جێبەجێ كراون.