نزیكەی دوو ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر خەرج دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا لەسەر خەرجكردنی بڕی ( 1 ملیار و 911 ملیۆن و 504 هەزار و 250 دینار) بۆ جێبەجێكردنی یازدە پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری هەولێر.
ئەو بڕە پارەیە (1،911،504،250) دینار، لەسەر رێژەی 15%ی داهاتی شارەوانییەكان و 100%ی فرۆشتنی زەوی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە بە مەبەستی جێبەجێكردنی 11 پرۆژە لە شاری هەولێر و خەرجكردنی پارەكەش بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییی دارایی دەبێت.
پڕۆژەكان پەیوەستن بە شاری هەولێر، وەك: دروستكردنی قەسیس و كریبستۆن لە گوندی سێبەردان و دروستكردنی شەقامی ناوخۆیی بۆ گوندی نازماوە، لەگەڵ كڕینی كەرەستە و گازوایل بۆ بەرهەمێنانی تێكەڵەی ئەسفەڵتی و چاككردنەوەی شكست و چاڵی شەقامەكان و قیڕتاوكردنی شەقام لە سێبەردان.
هەروەها بۆ كۆنكرێتكردنی چەند كۆڵانێك لە گەڕەكی زانیاری و فەرشكردنی چینی دووەم و كۆنكرێتكردنی شەقام، قیڕتاوكردنی 20 شەقام لە گەڕەكی هەولێری نوێ، چاككردنەوەی رێڕەوی سەرەكی ناو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات و قیڕتاوكردنی شەقام لە گەڕەكی باداوە، لەگەڵ داخستن و رێكخستنەوەی چەند سووڕانەوەیەك لە شەقامی سەرەكی هەولێر-مەخموور و جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.