نزیکەی ٤ ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی ئاوی دووكانی كۆن ـ سلێمانی تەرخان كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-بە گوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ كراوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ٣ ملیار و ٨٥٠ ملیۆن دیناری تەرخان كردووە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی "پەرەپێدانی ئاوی دووكانی كۆن ـ سلێمانی"، بەو مەرجەی مانگانە تەنیا بڕی ٢٠٠ تا ٢٥٠ ملیۆن دینار لەو پارەیە بۆ پرۆژەكە خەرج بكرێت بە مەبەستی باشتر و خێراتری جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی پلانەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بۆ پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە، ئەمەیش لەكاتێكدایە كە نزیكەی دوو ملیار دیناری دیكە لەسەر داهاتی شارەوانی و فرۆشتنی زەوی، بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر خەرج كرا.