ئاستى خزمەتگوزارى لە عەنکاوە بەرز دەکرێتەوە
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD) ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى ٢/٦/٢٠٢١ى زایینى، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی خزمەتگوزارییەكان، سەردانی شارۆچكەی عەنكاوەی له ههولێری پایتهخت كرد و لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیەی شارۆچكەكە و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی حكومی پێشوازی لێ كرا.
لە كۆبوونەوەیەک ڕەوشی خزمەتگوزارییەكان لە سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، گەشتیاری، رێكخستنەوەی داهات و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری گفتوگۆیان لەبارەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر گرنگیی پێكهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی عەنكاوە و لەم بارەیەوە پێداگرى كردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە پەلە بكەن لە پێشكەشكردنی ناوەكان بە شێوەیەك كە رەچاوی تایبەتمەندی پێكهاتەی ئایینی لە شارۆچكەكە بكرێت، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا لەپێناو بایەخدانی زیاتر بە جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، ئەنجومەنی شارەوانیی عەنكاوە پێكبهێنرێت.
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكاندا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، باسی لە تایبەتمەندی شارۆچكەی عەنكاوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كرد بە تایبەتی لە ڕووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی نەك تەنیا لەسەر ئاستی هەرێم، بەڵكوو لە ناوچەكەشدا نموونەیەكی زیندووە و بووەتە هێمای پێكەوەژیان، وێڕای جەختكردنەوەی لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، وەزیری شارەوانی بە وردی بەدواداچوونی بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەكانی شارۆچكەی عەنكاوە كرد و رایگەیاند بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییەكان لە سێكتەرەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقام و زیادكردنی سەوزایی و جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمەجۆر ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە عەنكاوە بەرز دەكەینەوە.