ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی دهۆك نوێ كرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەك بەشێك لە پرۆسەی چاكسازییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەی لە ساڵی 2019 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی لەسەر درا، ڕۆژی چوارشەممە (16ی حوزەیران) ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی شاری دهۆك پێكهێنرایەوە كە بەپێی ڕێنمایی نوێ 25%ی لە نوێنەری رێكخراوە ناحکوومییەکان و سەندیكا و رێكخراوە پیشەییە تایبەتمەندەكان پێك هاتووە.
بەگوێرەی پەیڕەوە نوێیەكەی پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لەسەر بنەمای پلەی شارەوانییەكان دیاری كراون. ئەنجوومەنی شارەوانیی دهۆكیش پلەی نایابی هەیە كە لە 13 ئەندام پێكهاتووە و كۆی پارێزگای دهۆكیش 47 شارەوانی پێك دەهێنێت. شارەوانییەكانی پلە یەكن، 11 ئەندامیان هەیە، پلە دوو 9 ئەندام، پلە سێ 7 ئەندام، شارەوانییەكانی پلە چوارن 5 ئەندامیان هەیە. لە هەموو پلەكانیشدا ڕەچاوی ڕێژەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان كراوە كە ئەمە یەكەم جارە لە مێژووی حكوومەتی كوردستان، ڕێژەیەك بۆ ئەو ڕێكخراوانە دیاری بكرێت.
لە ساڵی 2000-2001ـەوە ئەنجوومەنی پێشووی شارەوانییەكان نەگۆڕابوون، بۆیە بەپێوست زانرا کە هەنگاوی چاکسازی و گۆڕانکاری لەو ئەنجوومەنانەش بكرێت کە ئەوان بەپێی یاسا پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی ناو شارەکان هەیە، ئەم بڕیارەیش لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی خەڵكە لە سنووری شارەوانییەكان.