بە بڕی ٤ ملیار دینار چەندین پرۆژەی شارەوانی لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پاڵپشت بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە گوژمەی سێ ملیار و ٨٧٩ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار دینار، لەسەر رێژەی ١٠٠%ی فرۆشتنی زەوی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بڕیاری دا لەسەر جێبەجێكردنی حەوت پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری سلێمانی.
پرۆژەكان لە سێكتەرەكانی: دروستكردنی شەقامی خزمەتگوزاری بۆ شەقامی مەلیك مەحموود و كاری رێكخستنی پاركینی ئۆتۆمبێل و باخچە و رێكخستنی شۆستەی شەقامی گۆران و گۆڕینی رووی شۆستەی شەقامی سالم و چاكسازی لە شۆشتەی بەردەم باخی گشتی.
هەروەها دروستكردنی دیواری راگر و جێگیركردنی رەمپی یەكتربڕی دەباشان و تەواوكردنی تۆڕی رووناككردنەوە و كاری دروستكردنی ئاوەڕۆی سندوقی لە شەقامی 30ی مەتری لە گەڕەكی ئازادی و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شەقام و كۆڵانەكانی گەڕەكی شار و شەقامی ژێر تاوەرەكان. لەگەڵ دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ كۆڵانەكانی جیاكراوەی 26ی بۆگەنە و جیاكراوەی ٢٢٣ی ئابلاخ.